محەممەد ئەکمەن بۆ کەناڵ8: ئیرادە هەیە لە دوو هەفتەی داهاتوو یاساکە پەسەند بکرێت

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
محەمەد ئەمین ئەکمەن یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتی دەڤا فۆتۆ: کەناڵ8
محەمەد ئەمین ئەکمەن یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتی دەڤا فۆتۆ: کەناڵ8

محەممەد ئەمین ئەکمەن، پەرلەمانتاری پارتی دەڤا و یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتەکەی بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، بە ئەگەری زۆر لە پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی، باسی پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلان ناکرێت و لەبری ئەوە، بە کردەیی ئاستی پەیوەندی و ژمارەی سەردانەکان لەگەڵیدا زیاتر دەکرێت.

نازانرێت یاساکە کێ دەگرێتەوە

ئەکمەن ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی دەقی پڕۆژەیاساکەیان بەدەستنەگەیشتووە، نازانن یاساکە کێ دەگرێتەوە و کێ ناگرێتەوە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، لایەنەکان نزیکن لە سازان لەسەر پڕۆژەیاساکە.

ئەگەر هەیە گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بە پلە بەندی بێت

محەممەد ئەمین ئەکمەن، پەرلەمانتاری پارتی دەڤا لەوبارەیەوە گوتی " ئەگەر ئەوەیە گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بە پلەبەندیی بێت، سەرەتا ئەوانە دەگرێتەوە کە بەشداریی هیچ چالاکییەکیان نەکردووە، دواتر دەکرێت بۆ ئەوانە بەرکار بێت کە کادرن و بەشدارییان لە چالاکیدا کردووە. لە یاساکەدا بەشێوەی نووسراو باس لە پێگەی ئۆجەلان ناکرێت، بەڵکو لەڕێگەی زیادکردن و هەمەجۆرکردنی پەیوەندی و سەردانەکان لەگەڵ ئۆجەلان، کار لەسەر پرسی ئۆجەلان دەکرێت."

لە ئیمراڵی ڕێککەوتن کراوە لەسەر بنەڕەتی یاساکە

پەرلەمانتاری پارتی دەڤا و سەرۆکی گشتیی پارتەکەی بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، لە 15 ڕۆژی ڕابردوودا، لە دوورگەی ئیمراڵی گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی کراوە.

ئەکمەن باسی لەوەشکرد، بۆچوونی وایە وەک هەنگاوی یەکەم، لە ئیمراڵی ڕێککەوتن کراوە سەبارەت بە ڕەشنووسی سەرەتایی پڕۆژەیاساکە و ناردنی بۆ پەرلەمان.

ڕێککەوتن کراوە لەسەر پێشکەشکردنی ڕەشنووسی بنەڕەتیی زنجیرە یاسایەک

ئەکمەن، پەرلەمانتاری پارتی دەڤا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی " لە 15 ڕۆژی ڕابردوودا، گفتوگۆیەکی چر لە ئیمراڵی کراوە. تێڕوانینێکی بەهێزم دەستکەوتووە کە ڕێککەوتن کراوە لەسەر پێشکەشکردنی ڕەشنووسی بنەڕەتیی زنجیرە یاسایەک بە پەرلەمان، کە وەک هەنگاوی یەکەمی دەستپێکی قۆناغ بە قۆناغ پەسەند دەکرێت."

عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا