هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت
وەزیری پەروەردەی حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت.
بێ ئاماژەدان بە بە کات و ڕۆژەکەی
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەست نوسیوویەتی، "هەفتەی داهاتوو دابەشدەکرێت" ، بە بێ ئاماژەدان بە کات و ڕۆژەکەی.
گومانکردن لە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم پەروەردەکان
کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، پێمان وانییە هەفتەی داهاتوو مووچەی سەرجەم پەروەردەکان دابەشبکرێت، چونکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسەمان کردووە و دەڵێن، بڕی پێویست پارەمان نییە تاوەکو هەفتەی داهاتوو بیدەینە سەرجەم مامۆستایان.
کاروخ عەبدوڵا گوتیشی، پێشبینی دەکەین تەنیا بتوانرێت مووچەی دوو بۆ سێ پەروەردە بدرێت.
بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگانەی مامۆستایانی گرێبەست
مامۆستایانی گرێبەست ژمارەیان نزیکەی 39 هەزارە کە مانگانە پێویستییان بە 18 ملیار دینارە و لە داهاتی ناوخۆ پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت، لەگەڵ دابەشکردنی مووجەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەمان پاش دوو بۆ سێ هەفتە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن، هەر بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە سەردانی وەزیری دارایی بکەن لەم ماوەیەدا تاوەکو ئەو گرفتی دواکەوتنە لە بنەڕەتەوە جارەسەر بکرێت بۆیان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا