کەناڵ8 ناوەڕۆکى پرۆژەى هەموارى خانەنشینى هێزەکانى ناوخۆ بڵاودەکاتەوە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران
کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران

لیژنەى ئاسایش و بەرگریى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕاپۆرتى لیژنەکەى لەسەر هەموارى یاساى خانەنشینى هێزەکانى ناوخۆ پەسەند کرد، بەگوێرەى ناوەرۆکەکەى چەند گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی کارمەندانى هێزەکانى ناوخۆ کراوە.

کارمەندانی شارستانی هەمان ماف و ئیمتیازی کارمەندی سەربازییان دەبێت

دەقى هەموارى یاساکە ناوى هەموارى دووەمى یاساى خزمەت و خانەنشینى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆیە، بەگوێرەى ناوەڕۆکەکەى کارمەندانى شارستانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ هەمان ماف و ئیمتیازى کارمەندى سەربازییان دەبێت، ئەفسەرى پسپۆڕ لە کاتى وەرگرتنى بڕوانامەى ماستەر ساڵێک پێشدەخرێت و لە کاتى وەرگرتنى بڕوانامەى دکتۆرا دوو ساڵ.

لە 15 ساڵییەوە کارمەندی هێزە ئەمنییەکان دەتوانن داوای خانەنشینی بکەن

بۆ خانەنشینى هێزەکانى ناوخۆ تەمەنى خانەنشینى دەکرێتە 40 ساڵ و لە پاش 15 ساڵ خزمەت کارمەندى هێزە ئەمنییەکان دەتوانن داواى خانەنشینى بکەن، بۆ مووچەى خانەنشینى دەرماڵەى خواردن دەخرێتە سەر مووچەى بنەڕەتى.

چۆنێتی خانەنشینکردنی ئیستای هێزەکانی ناوخۆ

ئێستا هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ بە یاساى خانەنشینیی فیدراڵى ژمارە 9ـى ساڵى 2014 خانەنشین دەکرێن و هاوشێوەى کارمەندانى شارستانى پێویستە 25 ساڵ خزمەتیان هەبێت و تەمەنى بگاتە 45 ساڵ دەتوانێت داواى خانەنشینى بکات.

بڕی 330 هەزار دەرماڵەی خواردن بە جێگیری دەمێنێتەوە

بۆ خانەنشینى تەنیا مووچەى بنەڕەتى هێزە ئەمنییەکان هەژمار دەکرا بەهۆى کەمى مووچەى بنەڕەتیش پارەیەکى زۆر کەم لە کاتى خانەنشینى وەردەگرن، بەڵام لەم هەموارەدا بڕیار دراوە 330 هەزار دینار دەرماڵەى خواردن بکرێتە دەرماڵەیەکى جێگیر و کارمەندى هێزە ئەمنییەکان بۆ کاتى خانەنشینى لێى سوودمەند دەبن.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا