ترەمپ: لەبەرامبەر هەر کەشتییەک پرد یان وێستگەیەکی کارەبای ئێران بۆردوومان دەکەین

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا, فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا, فۆتۆ: AFP

لە پەرەسەندنێکی نوێی هەڵکشانی گرژییەکاندا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران هەر کەشتییەک لە گەرووی هوورمز بکاتە ئامانج ئەوا ئەمریکا لە بەرامبەردا پردێک یان وێستگەیەکی کارەبای ئێران دەکاتە ئامانج.

وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی تارانیش یەکێک دەبێت لە ئامانجەکان

ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، لەم ساتە بەدواوە، هەر کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەک لە گەرووی هوورمز، بە مووشەک و درۆن یاخود هەر ئامێر و چەکێکی دیکە، ئەمریکا پردێک یاخود وێستگەیەکی کارەبا بۆردوومان دەکات". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وێستگە و پردانەش دەکەنە ئامانج کە دەکەونە تەنیشت یان ناو تارانی پایتەختەوە.

پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن

لێدوانە توندەکەی ترەمپ لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە سەریهەڵداوەتەوە و ئەمڕۆ هێزەکانی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند، بۆ 11ـەمین جار هێرشیان کردووەتە سەر ئێران.

بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە

لەبەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئەمریکا کۆگاکانی سووتەمەنی، ناوەندەکانی لۆجستی و فەرماندەیی ئەمریکایان لە کوەیت بە ئامانجگرتووە و باسیلەوەشکرد هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.

تا ئێستا ئێران هێرشیکردووەتە سەر زیاتر لە 30 کەشتیی بازرگانی

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، ئێران هێرشیکردووتە سەر زیاتر لە 30 کەشتیی بازرگانی، کە هەوڵیانداوە بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕن، سێنتکۆم دەڵێت، ئەم هێرشانەی ئێران ژیانی سەدان کەشتیوانی خستووەتە مەترسییەوە و ئازادی هاتوچۆشی بەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە ئاوییە خستووەتە مەترسییەوە.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا