گوتەبێژى حەج و عەمرە: هاونیشتمانییانى سەروو 70ساڵ دەتوانن فۆڕمى حەج پڕ بکەنەوە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان لە شارى مەککە بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان لە شارى مەککە بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج

گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى حەج و عەمرەى هەرێمى کوردستان دەڵێت، بۆ ئەمساڵ هاونیشتمانییانى سەروو 25ساڵ دەتوانن فۆڕمى حەج پڕ بکەنەوە، دەشڵێت، ئەو مەرجەشی پێشتر هەبوو کە 70ساڵ و بەرەوسەر بۆى نەبوو حەج بکات، لابراوە.

بەسەرچوونى پاسپۆرت نابێتە ڕێگر لەبەردەم پڕکردنەوەى فۆڕمى حەج

کاروان ستوونى، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئەوانەى پاسپۆرتەکانیان بەسەرچووە و دەیانەوێت فۆڕمى حەج پڕبکەنەوە، ئەگەر توانییان پاسپۆرتەکانیان نوێ بکەنەوە باشترە، ئەگەر بۆیان نەگونجا با بەو پاسپۆرتەى هەیانە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە و دواتر کە ناویان پەسەندکرا پاسپۆرتەکانیان نوێ بکەنەوە.

مەرجی تەمەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی حەج 25 ساڵە

گوتیشى، ئەو مەرجى تەمەنەى دیارییکراوە لە 25ساڵ کەمتر نابێت فۆڕمەکە پڕبکاتەوە، بۆ پێدانى چانسى زیاترە بەوانەى تەمەنیان هەیە، بەڵام کەسى نەخۆش یان ئەوانەى پێویستیان بە مەحرەمە، ئەگەر هاوەڵەکانیان تەمەنیان لە 25ساڵ کەمتربێت، ئاساییە.

لە دوو ڕۆژدا زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانی فۆڕمی پڕکردووەتەوە

ماوەى دوو ڕۆژە ناو تۆمارکردن بۆ فەریزەى حەجى ساڵى 2027 و 2028 لە هەرێمى کوردستان دەستیپێکردووە، لەم دوو ڕۆژەدا زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانى فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە، ماوەى 15 ڕۆژ فۆڕمى ناونووسین بۆ حەج بەشێوەى ئۆنلاین کارا دەبێت.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا