هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق؛ لە کۆشکی سپییەوە بۆ تاران
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکات و دەیەوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بەغداد بکاتە ناوەندی لێکتێگەیشتنی هەردوو وڵات.
گەشتی دیپلۆماسی زەیدی بۆ تاران و وڵاتانی ناوچەکە
ئەمرڕۆ 23ـی حوزەیرانی 2026 عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەی بۆ واشنتن، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە تاران. ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. بڕیارە دوای تاران، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەریەکە لە تورکیا و عەرەبستانی سعوودیەش بکات.
ڕەزامەندیی ترەمپ بۆ نێوەندگیرییەکەی عێراق
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، زەیدی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، داوایکردووە وەک نێوەندگیر لە نێوان ئەمریکا و ئێران کار بکات. زەیدی بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پاکستان لە ڕووی سیاسییەوە ڕۆڵی نێوەندگیری گێڕابێت، ئەوا عێراق دەتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە ئەو ڕۆڵە ببینێت، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی لە گەرووی هوورمز دروستبووە. ترەمپیش دەستکراوەی کردووە بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵە و چارەسەرکردنی کێشەکانی گەرووەکە.
هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئامادەیی بەغدادی بۆ هەر نێوەندگیرییەک لە نێوان تاران و واشنتن دەربڕیوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە جەخت لەسەر دۆسیە ئابوورییەکان دەکەنەوە. وەزیری دەرەوە دەڵێت، کاری لەپێشینەی ئەوان لەم قۆناغەدا ڕاگرتنی جەنگ و ڕەخساندنی زەمینەیەکە بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ.
پێشنیاری کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە بەغداد
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زەیدی دەیەوێت سوود لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ ئێران وەربگرێت. چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، بیرۆکەی سازکردنی کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە بەغداد بخاتەڕوو، بە ئامانجی نزیککردنەوەی دیدگای هەردوولا.
پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییەکان
عێراق لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەمیشە هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی داوە. بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات بەرژەوەندی و پەیوەندی ستراتیژییان لەگەڵ عێراق هەیە، بەغداد دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم نێوەندگیرییەوە ڕێگری بکات لە گەیشتنی زیانەکان بە ناوخۆی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
1 کاتژمێر پێش ئێستا