دیوانی چاودێریی دارایی عێراق: لە کێڵگەیەکی نەوت 2 ملیۆن دۆلار بۆ دەمامک و دەستکێش خەرجکراوە
دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا پەردە لەسەر زنجیرەیەک گەندەڵی، بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و پێشێلکاریی گەورەی دارایی و کارگێڕی لە دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتدا لادەبات.
بەفیڕۆدانی ملیۆنان دۆلار لە کەرتی نەوت و وزەدا
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی دیوانی چاودێریی دارایی، کۆمپانیای نەوتی زیقار پڕۆژەی ئاوی کێڵگەی ناسریەی بە تێچووی 3 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار جێبەجێ کردووە، بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە لیژنەی تێچوون بکات یان سزای دواکەوتن بۆ لایەنی جێبەجێکار دابنێت. هەروەها کۆمپانیای نەوتی بەسرە بڕی 6 ملیۆن و 729 هەزار دۆلاری بۆ هەڵکەندنی بیرێکی نەوت خەرجکردووە کە هیچ سوودێکی ئابووری نەبووە و نەگەیشتووەتە قۆناغی بەرهەمهێنان.
خەرجکردنی 2 ملیۆن دۆلار بۆ دەمامک و دەستکێش
لە کێڵگەی زوبێری سەر بە کۆمپانیای نەوتی بەسرە، گەندەڵییەکی گەورە لە کڕینی ئامێرەکانی سەلامەتی و خواردندا ئاشکرا کراوە. لە کاتێکدا خەرجییە پێویستەکان بۆ کڕینی دەمامک، دەستکێش و پاککەرەوە تەنیا 281 هەزار دۆلار بووە، بەڵام بڕی 2 ملیۆن و 176 هەزار دۆلار خەرجکراوە، ئەمەش بە واتای بەفیڕۆدانی نزیکەی 1 ملیۆن و 895 هەزار دۆلار دێت لە سامانی گشتی.
پێشێلکاری لە وەزارەتی کارەبا و ئاڵوگۆڕی وزە لەگەڵ ئێران
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە وەزارەتی کارەبا لە پرسی ئاڵوگۆڕی بەرهەمە نەوتییەکان لەگەڵ ئێراندا، تووشی جیاوازییەکی گەورە بووە لە لیستە بازرگانییەکاندا. جیاوازییەکان گەیشتوونەتە 9 ملیار و 661 ملیۆن دینار لە تۆمارە وردبینییەکان و 106 ملیۆن و 420 هەزار دۆلار لە بارکردنی بەرهەمەکاندا کە هیچ زانیارییەکی ژمێریارییان بۆ نەکراوە. هەروەها پڕۆژەیەکی هێڵی کارەبا لە باشوور 828 ڕۆژ دواکەوتووە بەبێ ئەوەی کۆمپانیاکە سزای دارایی بدرێت.
دیارنەمانی باجی کۆمپانیا بیانییەکان و شێڵ
لە کەرتی باجدا، دیوانی چاودێریی دارایی دەریخستووە کە بڕی 231 ملیار دینار باج لە فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیای شێڵ و قازانجی کۆمپانیا بیانییەکان وەرنەگیراوە. بە گشتی قەبارەی ناکۆکی باج لە نێوان وەزارەتی نەوت و گەورە باجدەران لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2023 گەیشتووەتە زیاتر لە 388 ملیار دینار. هەروەها لە لقی باجی بەسرە، جیاوازیی داهاتی نەخۆشخانەی ئیبن ئەلبیتار 3 ملیار و 905 ملیۆن دینار بووە.
زیادەڕەوی تریلیۆنی لە بودجەی 2017 و 2019ـدا
سەبارەت بە بودجەی ساڵانی ڕابردوو، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە لە بودجەی 2017ـدا، بڕی 2 تریلیۆن و 246 ملیار دینار بە زیادەڕەوی خەرجکراوە، جگە لە خەرجکردنی 5 تریلیۆن و 383 ملیار دینار لە بڕگەی وەبەرهێناندا بەدەر لە ڕێنماییەکان. لە بودجەی 2019ـشدا، جیاوازییەکی گەورە لە تۆماری قەرزە دەرەکییەکاندا هەیە، کە بڕی 8 تریلیۆن و 293 ملیار دینار لە نێوان حیساباتی کۆتایی و تۆمارەکاندا ونبووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا