بابولمەندەب؛ 'گەرووی فرمێسک' کە چارەنووسی %10ـی نەوتی جیهانی لەدەستدایە

رۆزا حیسام 1 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڕەشەکانی حوسییەکان بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی بابولمەندەب مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئابووریی جیهان دروست دەکات، بەتایبەت کە لە هەمانکاتدا هاتوچۆ لە گەرووی هوورمزیش تووشی ئاستەنگ بووە و ئەمەش تێچووی گواستنەوەی کاڵاکان دوو هێندە دەکات.

تایبەتمەندییە جوگرافییەکانی گەرووی بابولمەندەب

بابولمەندەب لە باکوورەوە دەریای سوور و لە باشوورەوە زەریای هیندی و کەنداوی عەدەن بەیەکەوە دەبەستێتەوە. پانییەکەی لە نێوان کەنارەکانی ئاسیا و ئەفریقا 61.2 کیلۆمەترە، بەڵام لە تەسکترین شوێنیدا تەنیا 30 کیلۆمەترە. قوڵیی ئاوەکەی لە ڕێڕەوە سەرەکییەکاندا دەگاتە 310 مەتر کە زۆرتر دەکەوێتە بەری ڕۆژئاوا (ئەفریقا)، هەربۆیە کەشتییە زەبەلاحەکان و نەوتهەڵگرە گەورەکان تەنیا ئەو کەناڵە بەکاردەهێنن.

مێژووی ناوەکەی؛ دەرگای فرمێسک و کڵۆڵی

ناوەکەی لە ڕووی ماناوە بە واتای "دەرگای فرمێسک" یان "دەرگای کڵۆڵی" دێت. بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، لەبەر ئەوەی گەشتکردن بەم گەرووە تەسکەدا لە کۆندا زۆر مەترسیدار بووە، ئەم ناوەی لێنراوە. ئەفسانەیەکی دیکەش باس لەوە دەکات کە لە سەردەمی کۆندا بومەلەرزەیەکی بەهێز ئاسیا و ئەفریقای لەیەکدی جیاکردووەتەوە و بەهۆی خنکانی هەزاران کەس لەو ڕووداوەدا، گەرووەکە بەو ناوە ناسراوە.

گرنگیی ئابووری و بازرگانی بۆ جیهان

بابولمەندەب بڕبڕەی پشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە، بە جۆرێک ڕۆژانە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمی نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت کە دەکاتە %10ـی نەوتی جیهان. ئەم گەرووە دەروازەی باشووری کەناڵی سوێسە؛ پەککەوتنی ئەم ڕێڕەوە بە واتای ئەوە دێت کەشتییەکان ناچار بن بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا بسوڕێنەوە، ئەوەش کات و تێچووی گواستنەوە بۆ دوو هێندە زیاد دەکات.

ئەو وڵاتانەی ئابوورییان بەندە بە گەرووەکەوە

چەند ناوچەیەک ژیانی ئابوورییان ڕاستەوخۆ بەندە بە ئارامیی ئەم گەرووەوە. وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هاوردەی وزە و وڵاتانی کەنداو (سعوودیە، عێراق، کووەیت، ئیمارات) بۆ هەناردەی نەوت پشتی پێدەبەستن. میسر یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانە، چونکە داهاتی کەناڵی سوێس ڕاستەوخۆ بەندە بە کراوەیی بابولمەندەبەوە. هەروەها چین و وڵاتانی پیشەسازیی ئاسیا وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور بۆ گەیاندنی کاڵاکانیان بە ئەورووپا سوود لەم ڕێڕەوە وەردەگرن.

وڵاتانی سەرپەرشتیار و پێگەی سیاسییان

سێ وڵات ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەم گەرووە دەکەن؛ یەمەن لە کیشوەری ئاسیا کە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی گەرووەکەی بەدەستەوەیە، جیبۆتی لە کیشوەری ئەفریقا کە بەشێکی گرنگی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کۆنتڕۆڵ دەکات، لەگەڵ ئێریتیریا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای گەرووەکە. هەروەها وڵاتانی سۆماڵ و ئەسیوبیاش لە ناوچەکەدا کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی دەوروبەری ئەم ڕێڕەوە ئاوییە هەیە.

رۆزا حیسام

1 کاتژمێر پێش ئێستا