چەند زانیارییەک لەسەر گۆڕینی جومگەی تۆپی حەوز(جومگەی سێبەندە)
د. ڕۆژ حەمید، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکاوی، چەند هۆشیارییەک لەسەر نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی تۆپی حەوز(جومگەی سێبەندە)، بۆ هاونیستمانییان دەخاتەڕوو.
هۆکارەکانی گۆڕینی جومگەی تۆپی حەوز چین؟
باوترین هۆکارەکانی گۆڕینی جومگەی حەوز بریتین لە:
- هەوکردنی جومگەکان: هەوکردنی جومگەکانی حەوز بەهۆی گرفتی هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزم یان حاڵەتێکی دیکەوە
- برینداربوون: جومگەی حەوز لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوە، ڕووداوی وەرزشی یان بەهۆی هۆکاری دیکەوە زیانی پێبگات
- تێکچوونی ئێسکەکان: ئەو ئێسکانەی کە سەری ئێسکەکانی ناو جومگەی حەوز دادەپۆشن، بەهۆی پیربوون یان هۆکاری دیکەوە زیانیان پێ بگات و زیانەکان ببنەهۆی دروستبوونی ئازار و ناڕەحەتیی لە جووڵەی کەسەکەدا
- بوونی نەخۆشییەکانی ئێسک: هەوکردنی ئێسک و نەخۆشیی دیکە کە دەبنەهۆی تێکچوونی جومگەکانی حەوز
ماوەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە
نەشتەرگەریی گۆڕینی تۆپی حەوز بۆ چارەسەرکردنی زیانەکانی جومگەی حەوز کە بەهۆی هەوکردنی جومگەکان، برینداربوون یان هۆکاری دیکەوە دروستبوون ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا هەموو یان بەشێک لە پێکهاتەی جومگەی کەسەکە بە پێکهاتەی دەستکرد دەگۆڕدرێت.
لە ڕێگەی ئەنجامدانی زنجیرەیەک نەشتەرگەرییەوە، دەتوانرێت جومگەکە بە جومگەیەکی دەستکرد بگۆڕدرێت و بەشە تێکچووەکان لە ڕێگەی نەشتەرگەریی گۆڕینی حەوز چاک بکرێنەوە. جومگەی حەوز لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، یەکێکیان یان هەردووکیان لە کاتی نەشتەرگەریدا دەگۆڕدرێن.
دوای نەشتەرگەرییەکە، بە شێوەیەکی گشتی ماوەی چاکبوونەوەی چارەخوازان چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، لە ئەم ماوەیەدا چارەسەری فیزیایی بۆ چارەخوازەکە ئەنجام دەدرێت بۆ گەڕاندنەوەی هێزی ماسولکەکان و جوڵەی ئاسایی جومگەکانی.
1 کاتژمێر پێش ئێستا