لە فلیپین؛ ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ بۆ ماوەی 30 خولەک کۆبوونەوە
وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ڕووسیا لە فلیپین کۆبوونەوە و پرسی جەنگی ئۆکرانیا و ناردنی چەک بۆ ئەو وڵاتە لە لایەن واشنتن-ەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوانیان بوو.
کۆبوونەوەی ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ لە فلیپین
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە مانێلای پایتەختی فلیپین، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ئاسیان کۆبوونەوە. بەگوێرەى خشتەی کارەکان، کۆبوونەوەکە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجامدراوە و ماوەی 30 خولەکی خایاندووە، کە وەک یەکێک لە گرنگترین دیدارە ئاستبەرزەکانی لوتکەکە هەژمار دەکرێت.
هۆشداریی ڕووسیا بە ئەمریکا لە بارەی پڕچەککردنی ئۆکرانیا
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ، هۆشداریی داوەتە مارکۆ ڕوبیۆ لە بەردەوامیی ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا لە لایەن ئەمریکاوە. ڕووسیا ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک ئاستەنگ لە بەردەم کۆتاییهێنان بە جەنگ دەبینێت.
هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا وەک نێوەندگیر
بەگوێرەى ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، پێشبینی دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری و ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستپێکردبێتەوە. لەو کاتەوەی جەنگی ئێران دەستی پێکردووە، ڕۆڵی ئەمریکا وەک نێوەندگیر لەم دۆسیەیەدا کەمبووەتەوە، بەڵام ئێستا هەوڵدەدرێت جارێکی دیکە دیالۆگەکان کارا بکرێنەوە.
گرنگیی دیالۆگ لە نێوان دوو زلهێزە ئەتۆمییەکە
مارکۆ ڕوبیۆ پێش کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندبوو کە دەیەوێت باسی گرژییەکانی ئۆکرانیا بکات و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هێشتا دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت ئەگەر دەرفەتی پێبدرێت. ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ناکۆکییەکان، دەبێت پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی ڕووسیا هەبێت، چونکە هەردوو وڵات گەورەترین دوو زلهێزن کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین.
2 کاتژمێر پێش ئێستا