عێراق: بۆ بەکارخستنی خزمەتگوزاری 5G پێویستمان بە 3 بۆ 5 مانگ هەیە
عێراق هەنگاوەکانی بۆ چوونە ناو سەردەمی خێرایی ئینتەرنێت خێرا دەکات و وەزارەتی پەیوەندییەکان مژدەی ئامادەکارییەکان بۆ بەکارخستنی نەوەی پێنجەمی پەیوەندییەکان دەدات.
ئامادەکردنی ژێرخان و وادەی بەکارخستنی خزمەتگوزارییەکە
وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، کارەکان بۆ بەکارخستنی خزمەتگوزاری 5G بەردەوامە. بەپێی گوتەی وەزیر، ئامادەکردنی ژێرخانی پەرەپێدان و فراوانکردنی سیستمی پەیوەندییەکان پێویستی بە 3 بۆ 5 مانگ هەیە تاوەکو بەتەواوی ئامادە بێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە وەرگیراوە.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەبەرهێنەران و ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران
مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرای کرد، بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەی نیشتمانیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنەران، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و بانکی TBI ئەنجامداوە. سەنەد ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی وەسف کرد و ڕایگەیاند، ڕاسپاردەکان بەرزدەکرێنەوە بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوەکو بەمنزیکانە گرێبەستەکە بۆ بەردەستخستنی 5G واژۆ بکرێت.
فراوانکردنی تۆڕەکان و قەبارەی هاتوچۆی ئینتەرنێت
وەزارەتی پەیوەندییەکان داوای تەواوکردنی ژێرخانە پێویستەکانی کردووە، چونکە بڕی جووڵەی ئینتەرنێت ئێستا گەیشتووەتە 6 بۆ 8.5 تێرابایت و لەو پەڕی توانای خۆیدایە. وەزیر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کاربکرێت بۆ فراوانکردنی ئاسۆی تۆڕەکانی پەیوەندی و زیاترکردنیان، تاوەکو ژێرخانی پێویست بۆ کارکردنی نەوەی نوێی 5G لە وڵاتدا فەراهەم ببێت.
هەروەها عەلی خوەیلەدی سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ تەکنەلۆجیای پەیوەندی و زانیاری ڕایگەیاندووە، عێراق ئامادەیە تاوەکو ساڵی 2027 تەکنەلۆجیای پەیوەندییەکانی نەوەی پێنجەم 5G بخاتە بازاڕەوە و دەشڵێت، عێراق هەموو بنەمای هوونەری و جوگرافیای هەیە بۆ بەکارخستنی ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا