بەرپرسانی ئەمریکا: توانای سەربازیی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هوورمز بەرەو لەناوچوون دەچێت
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی ستراتیژیی "بی 1" هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران چڕتر دەکاتەوە و بەرپرسانی پێنتاگۆنیش ئاماژە بەوە دەکەن، توانای تاران بۆ هەڕەشەکردن لە گەرووی هوورمز لە لێواری نەماندایە.
بەکارهێنانی فڕۆکەی "بی 1" لە هێرشەکانی ئەمریکا
ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوودا بۆ سەر سوپای پاسدارانی ئێران، فڕۆکەی جەنگیی جۆری B-1ـی بەکارهێنا. ئەمە یەکەمجارە ئەو جۆرە فڕۆکەیە بەکاربهێنرێت لە ماوەی 12 ڕۆژی ڕابردوودا لەوەتەی هێرشەکان دەستیان پێکردووەتەوە. پێشتر ئەمریکا لە کاتی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستان ئامێز"دا کە لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد و 40 ڕۆژی خایاند، ئەم فڕۆکەیەی بۆ لێدانی دامەزراوە مووشەکییەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەکارهێنابوو.
ئامانجی سێنتکۆم و لەناوبردنی هەڕەشەکان
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆس، فڕۆکەی "بی وەن" شەوی سێشەممە لە بنکەیەکی ئاسمانی بەریتانیاوە ئاڕاستەکراوە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئامانجی سەرەکیی خۆی لەم هێرشانەدا دیاریکردووە، کە ئەویش لەناوبردنی توانای سەربازیی ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچە کەنارییەکانی گەرووی هوورمز و بەندەر عەباس. بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، توانای سەربازیی ئێران لەو ناوچەیەدا نزیکە لە لەناوچوونی تەواوەتی.
نێوەندگیریی قەتەر و عوممان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ
سەرباری بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان، ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە نێوان واشنتن و تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە. بەرپرسانی قەتەر و عوممان لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هوورمز و ڕاگرتنی شەڕ. بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرکردایەتیی ئێران دوایین پێشنیازی نێوەندگیرەکانی بۆ کردنەوەی گەرووەکە ڕەتکردووەتەوە.
ستراتیژی نوێی ئێران و بەکارهێنانی حوسییەکان
ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەیەکی نوێی شەڕ لە دەریای سوور بکاتەوە. ئامانجی تاران ئەوەیە فشارێکی زیاتر لەسەر ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتییە نەوتییەکان دروست بکات. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژی چوارشەممە بۆ یەکەمجار چەکدارانی حوسی هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی سعوودیە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە گەمارۆیان بەسەر کەشتییەکانی ئەو وڵاتەدا ڕاگەیاندبوو.
2 کاتژمێر پێش ئێستا