ڕوبیۆ: ئێران ئامادەی ڕێککەوتن نییە بەڵام بەمزووانە ئامادە دەبێت؛ سیاسەتی ترەمپ "خوێن بە خوێنە"

یەسنا ئومێد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەى لووتکەى ئاسیان لە فیلیپین
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەى لووتکەى ئاسیان لە فیلیپین

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران ئامادە نییە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام دەکرێت بەمنزیکانە ئامادەبێت، دەشڵێت ئەمریکا پابەندە بە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی لەگەڵ ئێران.

سیاسەتى "خوێن بە خوێن"

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە فلیپین و لە میانی بەشداریکردن لە لووتکەی ئاسیان ڕایگەیاند، سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خوێن بە خوێنە، هەر بۆیە ئێران باجێکی گەورە دەدات لە بەرامبەر هێرشەکانی و کوشتنی سەربازانی ئەمریکی.

دۆخى ئێران

ڕوبیۆ ڕایگەیاند، سەرەڕای لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران، بەڵام ئەو وڵاتە دەناڵێنێت تاوەکو ماوەیەکیش لەو بارودۆخەی تێی کەتووە ڕزگاری نابێت.

دەستڕاگەیشتنى تاران بە چەکى ئەتۆمى

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختی کردەوە، خواستی واشنتن ئەوەیە ئێران بە هیچ جۆرێک چەکی ئەتۆمی نەبێت، باسی لەوەش کرد، ئێران حوسییەکانی هێناوەتە ناو ئەم جەنگە و چاوەڕێ دەکەن بزانن لە ماوەی داهاتوودا چی ڕوودەدات، بەگوێرەی ئەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن.

ڕوبیۆ: هێرشەکان بۆ بەهۆش هێنانەوەى ئێرانییەکانە

لە بارەی هێرشەکانیشیان بۆ سەر ئێران کە ماوەی 12 شەوە لەسەر یەک و بەبێ وەستان بەردەوامە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بەردەوام دەبین تاوەکو ئێرانییەکان دێنەوە هۆش خۆیان.

ڕێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ سعودیە

لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ سعودیە، ڕوبیۆ دەڵێت هەر رێککەوتنێک لەگەڵ سعودیە یاخود هەر وڵاتێکی دیکە بکرێت، گرەنتیکراو دەبێت و دەبرێتە بەردەم کۆنگرێس تاوەکو پەسەند بکرێت.

یەسنا ئومێد

1 کاتژمێر پێش ئێستا