عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو تاران بەڕێکەوت
سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ تاران دەستپێکرد بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەستیارەکانی وزە و ئەمنی، لە هەمان کاتدا هەڵگری پەیامی نێوەندگیرییە لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هوورمز.
عەلی زەیدی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران
ئەمڕۆ 23ـی تەممووزی 2026، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاتژمێر 10ـی بەیانی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تاران بەڕێکەوت. بڕیارە لەم سەردانەدا سەرۆکوەزیران زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرز لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
پرسی وزە و ئەمنی لە سەرووی کارنامەی سەردانەکەدایە
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕایگەیاندووە، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی زەیدی لە تاران بریتین لە پرسی وزە، دۆسیەی ئەمنی و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان. هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکوەزیران پرسی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ ناکات، چونکە ئەوە بە بابەتێکی ناوخۆیی عێراق دادەنرێت.
دەستپێشخەریی عێراق بۆ نێوەندگیری لە نێوان ترەمپ و تاران
سەردانەکەی زەیدی بۆ تاران ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی دێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەگوێرەی زانیارییەکان، زەیدی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پێشنیاری کردووە عێراق ڕۆڵی نێوەندگیری ئابووری لە نێوان واشنتن و تاران بگێڕێت، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هوورمز. زەیدی بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە عێراق دەتوانێت هاوشێوەی ڕۆڵە سیاسییەکەی پاکستان، ڕۆڵێکی ئابووری کاریگەر بگێڕێت و ترەمپیش ڕەزامەندی لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە دەربڕیوە.
گەشتە ناوچەییەکانی سەرۆکوەزیران بۆ تورکیا و سعوودیە
ئەم گەشتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق تەنیا تاران ناگرێتەوە، بەڵکو بەشێکە لە جووڵەیەکی دیپلۆماسی فراوان لە ناوچەکەدا. بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکانی لە تاران، عەلی زەیدی سەردانی هەریەکە لە تورکیا و عەرەبستانی سعوودیەش بکات بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و هەماهەنگی لەسەر پرسە ناوچەییەکان.
1 کاتژمێر پێش ئێستا