ئێران: ئێمە بڕیار دەدەین کێ بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕێت

سامیا حەسەن 1 کاتژمێر پێش ئێستا
محەممەد موخبیر، ڕاوێژکاری باڵای ڕابەری ئێران
محەممەد موخبیر، ڕاوێژکاری باڵای ڕابەری ئێران

ڕاوێژکاری باڵای ڕابەری ئێران هۆشداریی دەداتە واشنتن و ڕایدەگەیێنێت، گەرووی هوورمز خاکی ئەوانە، جەختیش دەکاتەوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی دەبێتە هۆی هەڵکشانی نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی ئەمریکا.

گەرووی هوورمز وەک خاکی ئێران و مافی بڕیاردان

محەممەد موخبیر، ڕاوێژکاری باڵای ڕابەری ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، گەرووی هوورمز خاکی ئێرانە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە تاران خاوەنی بڕیارە لەوەی کێ مافی تێپەڕبوونی بەناو ئەو گەرووەدا هەبێت، ئەمەش وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر سەروەریی وڵاتەکەی بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەدا.

هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە ئەمریکا

ڕاوێژکارەکەی ڕابەری ئێران هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی واشنتن و ڕایگەیاندووە، هەر هێرشێک بکرێتە سەر ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکەی، دەرەنجامەکەی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەناو ویلایەتەکانی ئەمریکادا. موخبیر ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرتووە و گوتی "بەرپرسانی ئەو وڵاتە تووشی "نەخۆشیی بۆمبارانکردن" بوون، بەڵام ئێرانییەکان بە ئیرادەوە ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک دەبنەوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران: هەر شوێنێک هاوکاری ئەمریکا بکات دەبێتە ئامانج

لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەمان پەیامی توندی دووبارە کردەوە و ڕایگەیاند، هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی ئێران وەڵامی زۆر توندی دەبێت. عێراقچی هۆشدارییەکی فراوانتری دا و گوتی "لە هەر شوێن و وڵاتێکەوە پاڵپشتی لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سەروەریی خاکی ئێران بکرێت، ئەو شوێنە دەبێتە ئامانجی هێزە سەربازییەکانی ئێران".

سامیا حەسەن

1 کاتژمێر پێش ئێستا