بەنزینی 750 دیناری؛ بۆ هەولێر زۆر و بۆ سلێمانی کەم
حکومەتى کاربەڕێکەر بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى بەنزین پەنا بۆ دابینکردنى بەنزینى پاڵپشتیکراو دەبات، بەڵام جیاوازیی لە دابینکردنى بڕى ئەو بەنزینە دەکات لە نێوان پارێزگاکاندا، بەجۆرێک زۆرترین بڕى بەنزین بۆ پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک دابین دەکات و کەمترینیش بۆ سلێمانى و هەڵەبجە.
زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی بەنزین
ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە 50 ھەزار بەرمیل نەوتی خاوی بۆ تەرخانکراوە بۆ پێداویستیی ناوخۆ، لەو بڕە لانیکەم، ملیۆنێک و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەمدێت و ئێستاش ڕێژەکە بۆ 2286000 لیتر زیاد بووە.
جیاوازی لە دابەشکردنی پشکی پارێزگاکان
بە گوێرەى بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، ئەو بەنزینە بەشێوەیەکى نادادپەروەرانە لە نێوان پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دابەش دەکرێت، بەجۆرێک ھەولێر بڕی یەک میلۆن و 750,000 ھەزار لیتری بۆ تەرخان کراوە، دھۆک بڕی 396,000 ھەزار لیتری بۆ تەرخان کراوە، بەڵام سلێمانی حەوت تانکەرە و چوار بۆ ناو شاری سلێمانی و ئەوەی دیکە بۆ هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان دەنێردرێت کە کۆی گشتی 256 هەزار لیتر بەنزین دەکات.
دۆخی بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک
پەیامنێرى کەناڵ8 لە هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ لە 41 بەنزینخانەى پارێزگاکە بەنزینى 750 دینارى دابەشدەکرێت و لە نزیکەى 7 بۆ 8 بەنزینخانەش بەنزینى 850 دینارى بە شۆفێران دەفرۆشرێت.
هەروەها پەیامنێرى کەناڵ8 لە دهۆک گوتی، ئەمڕۆ لە زیاتر لە 22 بەنزینخانە لە سنوورى پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەنزینى پاڵپشتیکراو بە نرخى 750 دینار بۆ هەر لیترێک دابەش دەکرێت.
هەروەها، لە بەنزینخانەکان کار بە بڕیارەکەى حکومەتى کاربەرێکەر بۆ دابەزینى نرخى بەنزینی بازرگانی ناکرێت، نرخەکان بە بەرزى ماونەتەوە، بەشێک لە بەنزینخانەکانى هەولێر و دهۆکیش بەنزینخانەکانیان داخستووە و نایفرۆشن.
کەمیی پشکی سلێمانی و هەڵەبجە
لە شاری سلێمانی تەنیا لە 3 بەنزینخانە بەنزینی پاڵپشتیکراو هەبووە، ئەمەش وایکردووە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە شۆفێران سوودمەند بن. لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری تەنیا لە 2 بەنزینخانەدا قەتیس بووە.
بێبەشبوونی ئیدارە سەربەخۆکان
سەرەڕای دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ ناوەندەکان، بەڵام لە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین هیچ بڕە بەنزینێکی لەو شێوەیە دابەش نەکراوە و شۆفێرانی ئەو سنوورانە بە تەواوی بێبەش بوون.
23/07/2026