ترەمپ دەيەوێت سەرۆکی فيفا ببێتە سکرتێری گشتی نەتەوەيەکگرتووەکان

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمريکا و جيانی ئينفانتينۆ، سەرۆکی يەکێتی تۆپی پێی جيهان، ناسراو بە فيفا لە کۆشکى سپى
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمريکا و جيانی ئينفانتينۆ، سەرۆکی يەکێتی تۆپی پێی جيهان، ناسراو بە فيفا لە کۆشکى سپى

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمريکا، لە دوای بەڕێوەچوونی يارييەکانی جامی جيهانی، دەيەوێت جيانی ئينفانتينۆ، سەرۆکی يەکێتی تۆپی پێی جيهان، ناسراو بە فيفا، بکاتە سکرتێری گشتیی نەتەوەيەکگرتووەکان.

تواناکانى جيانی ئينفانتينۆ

ڕۆژنامەی نيويۆرک پۆستی ئەمريکی لە سەرچاوەیەکی نزيک لە ترەمپەوە بڵاويکردووەتەوە، ترەمپ بڕوای وایە ئینفانتینۆ لەلایەن هەموو کەسێکەوە لە سەرانسەری جیهان ڕێزی لێدەگیرێت و توانایەکی تایبەتی هەیە بۆ کۆکردنەوەی خەڵک.

جيانی ئينفانتينۆ چۆن بووە دلخوازى ترەمپ؟

ئینفانتینۆی تەمەن 56 ساڵ لە دايکبووی سويسرايە و لە ڕێگەی ڕێکخستنی مۆندیالی ئەمساڵەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمريکا لە ترەمپ نزیک بووەوە، تەنانەت لە مانگی کانوونی يەکەمی ساڵی ڕابردوودا خەڵاتی یەکەمی ئاشتی فیفای پێبەخشی.

گۆتیرێس دەستبەردارى پۆستەکەى دەبێت

بڕيارە کۆتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەنتۆنيۆ گۆتيرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەيەکگرتووەکان، دوای نزيکەی 10 ساڵ دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە و سکرتێرێکی نوێ بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێردرێت.

بۆچوونى جيانی ئينفانتينۆ

هەرچەندە ئينفانتينۆ پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە دەيەوێت ئەو پۆستە وەربگرێت يان نا بەڵام، بۆ ئەوەی وەريبگرێت پێويستی بە بەدەستهێنانی پشتگيری 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسايشە کە پێنج ئەنداميان هەميشەيين و مافی ڤيتۆيان هەيە.

دوو ڕکابەرى سەرسەخت لەبەردەم جيانی ئينفانتينۆ

بۆ ئەوەی ئەم سیناریۆیە بەدیبهێنرێت، ئینفانتینۆ دەبێت بەسەر ژمارەیەک ڕکابەریشيدا زاڵبێت کە وەک بەربژێری ئەو پۆستە ناويان دێت لەوانە میشێل باچێلێت، سەرۆکی پێشووی چیلی، ڕافایل گرۆس-ی ئەرجەنتینی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا