باخچەلی: پێویستە لە بودجەی جەهەپە پارە بە پارتە نوێکەى ئۆزگور ئۆزەل بدرێت

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکى دوورخراوەى جەهەپە
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکى دوورخراوەى جەهەپە

وادەی دامەزراندنی پارتی نوێی ئۆزگور ئۆزەل نزیک دەبێتەوە و باخچەلیش داوا دەکات، لە بەشە بودجەی جەهەپە، پارە بە حیزبەکەی ئۆزەل بدرێت.

سبەى هەینى داواکارى پێشکەش دەکرێت

بڕیارە ڕۆژی هەینی، ئۆزگور ئۆزەل و هاوڕێکانی، داواکاریی دامەزراندنی "پارتی نوێ" پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بکەن و بە فەرمی دامەزراندنی پارتەکە ڕابگەیێنرێت.

لە بودجە و سامانى جەهەپە پارە بدرێتە ئۆزگور ئۆزەل

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە بەردەوام ڕەخنەی توند لە ئۆزەل دەگرێت دەڵێت، لەبەرئەوەی پارتی نوێ لە هەناوی جەهەپەوە دێتە دەرەوە و هەموو بارەگا و موڵکەکان بۆ جەهەپە دەمێنێتەوە، کاری ڕەوشتی ئەوەیە لە بودجەی جەهەپە بەشی پارتی نوێ بدرێت.

جەهەپە چەند پارەى هەیە؟

جەهەپە لە گەنجینەی دەوڵەت ملیارێک و 815 ملیۆن لیرە وەردەگرێت. باخچەلی دەڵێت، پێویستە لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە جەهەپەوە دەچنە ناو پارتی نوێ، لەو بڕە پارەیە بەشی پارتی نوێ جیابکرێتەوە.

بەگوێرەى یاسا پارتە نوێکان دەتوانن هاوکارى لە دەوڵەت وەربگرن؟

بە گوێرەی یاسای پارتە سیاسییەکان، هەر پارتێک بۆ ئەوەی هاوکاری لە گەنجینەی دەوڵەت وەربگرێت، پێویستە لە دوواین هەڵبژاردندا بەشداری کردبێت و بەگوێرەی ئەو دەنگانەی بەدەستیهێناوە، هاوکاری دەوڵەت وەردەگرێت. هەر بۆیە پارتی نوی ناتوانێت ئەو هاوکارییە وەربگرێت.

عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا