لە دوو ڕۆژدا نزیکەی 8000 کەس ناویان بۆ حەج تۆمار کردووە

جەبار حسین 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک لە حاجییانى هەرێمى کوردستان لە مەککەى پیرۆز
ژمارەیەک لە حاجییانى هەرێمى کوردستان لە مەککەى پیرۆز

کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان بە کەناڵ8ى ڕایگەیاند پرۆسەی ناوتۆمارکردنی حاجیان بەردەوامە و تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی هەشت هەزار کەس خۆیان ناونووس کردووە.

تاکو 5ـى ئاب بەردەوام دەبێت

گوتیشی، پڕۆسەی ناونووسینی حاجیان تاوەکوو ڕۆژی چوارشەممەی 5ـى ئابى 2026 کاتژمێر 12:00 شەو بەردەوام دەبێت و تاوەکو ئێستایش پرۆسەکە زۆر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت.

ئەوانەى پاسپۆرتیان بەسەرچووە

ڕاشیگەیاند، ئەوانەى پاسپۆرتەکانیان بەسەرچووە و دەیانەوێت فۆڕمى حەج پڕبکەنەوە، ئەگەر توانییان پاسپۆرتەکانیان نوێ بکەنەوە باشترە، ئەگەر بۆیان نەگونجا با بەو پاسپۆرتەى هەیانە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە و دواتر کە ناویان پەسەندکرا پاسپۆرتەکانیان نوێ بکەنەوە.

چانس بۆ کەسانى بەتەمەنە

بە گوێرەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى حەج و عەمرەى هەرێمى کوردستان، ئەو مەرجى تەمەنەى دیارییکراوە لە 25ساڵ کەمتر نابێت فۆڕمەکە پڕبکاتەوە، بۆ پێدانى چانسى زیاترە بەوانەى تەمەنیان هەیە، بەڵام کەسى نەخۆش یان ئەوانەى پێویستیان بە مەحرەمە، ئەگەر هاوەڵەکانیان تەمەنیان لە 25ساڵ کەمتربێت، ئاساییە.

جەبار حسین

1 کاتژمێر پێش ئێستا