سروە محەممەد: گرفتی بەڵگەنامە فەرمییەکانی زیاتر لە 4 هەزار خێزانی خانەقین چارەسەرکراوە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هەوڵەکانیانەوە کێشەی نەبوونی بەڵگەنامە فەرمییەکانی هەزاران خێزانی خانەقین کە لە ساڵی 2016ـەوە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە دروست ببوو، چارەسەر کرا و لە ئێستادا لیژنەیەکی باڵا لە بەغداوە سەرقاڵی وردبینیکردنن لە دۆسیەی ئەو خێزانانەی کە مامەڵەکانیان پەکیکەوتبوو.

پەککەوتنی مامەڵەی خێزانەکان بەهۆی هەڵەی فەرمانبەرێکەوە

سروە محەممەد لەبارەی دروستبوونی کێشەی یاسایی بۆ خێزانەکانی خانەقین بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەهۆی هەڵەی فەرمانبەرێکی کارتی نیشتمانیی خانەقینەوە، لە ساڵی 2016ـەوە نزیکەی پێنج هەزار خێزان گرفتیان بۆ دروستکراوە و ڕێگەیان نەدراوە بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەک کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری و فۆرمی خۆراک دەربکەن، یاخود نوێی بکەنەوە.

پێکهێنانی لیژنەی وردبینی لە بەغدا و دەستپێکردنی کارەکانی

سروە محەممەد سەبارەت بە هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی عێراق قسەیان کردووە و لیژنەیەکی وردبینی لە بەغدا پێکهێنراوە؛ لیژنەکە دەستبەکاربووە و تاوەکو ئێستا وردبینی لە دۆسیەی زیاتر لە 1000 خێزان کردووە و کێشەکانی چارەسەر کردوون.

داواکاری لەو خێزانانەی تاوەکو ئێستا کێشەکانیان ماوە

ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی چۆنییەتی بەدواداچوونی خێزانەکان بۆ مامەڵەکانیان جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەر خێزانێک ئەو کێشەیەی هەیە بێتە بەردەم لیژنەکە و لە پاش وردبینی گرفتەکانیان بۆ چارەسەر دەکرێت.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا