پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ 10 پڕۆژەیاسا دەکات و میوانداری وەزیری کارەبا دەکات

ئارام یوسف 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنەکانی بۆ ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ 10 پڕۆژەیاسای جیاواز دەکرێت و هاوکات وەزیری کارەبای فیدڕاڵیش بۆ تاوتوێکردنی هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی میوانداری دەکرێت.

بەرنامەی کاری دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممە

بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ 8 پڕۆژەیاسا دەکات. بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکە، بینینی ئەو تانانەیە کە لەسەر ڕاستی و دروستیی بەئەندامبوونی چەند پەرلەمانتارێک پێشکەش کراون.

خوێندنەوە بۆ ژمێرەی کۆتایی ساڵانی 2012 تاوەکو 2015

بڕگەکانی دووەم بۆ پێنجەم، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی ژمێرەی کۆتایی بۆ ساڵانی دارایی 2012 تاوەکو 2015 دەکات.

هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە

تەوەری شەشەمی کۆبوونەوەکەش، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ یاسای هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

پڕۆژەیاساکانی قەرزی کشتوکاڵی، دادنووسان و کار

تەوەری حەوتەمی کۆبوونەوەکە، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ یاسای هەمواری یاسای سندوقی قەرزی کشتوکاڵیی ئاسان، تەوەری هەشتەم خوێندنەوەی یەکەمە بۆ یاسای هەمواری یاسای دادنووسان، تەوەری نۆیەمیش خوێندنەوەی یەکەمە بۆ یاسای کار، ئەنجوومەنی نوێنەران تەوەری دەیەم و کۆتایی بۆ گفتوگۆی گشتی تەرخان کردووە.

میوانداریکردنی وەزیری کارەبای فیدڕاڵی

لە ڕۆژی دووشەممە، بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، میوانداریی وەزیری کارەبای فیدڕاڵی و کادیرانی پێشکەوتووی ئەو وەزارەتە دەکرێت و لەو دانیشتنەدا گفتوگۆ لەسەر هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی دەکرێت.

ئارام یوسف

1 کاتژمێر پێش ئێستا