مەنسوور بعێجی: عێراق داوای دوو ملیار دۆلار قەرزی لە ئەمریکا کردووە
حکومەتی عێراق بۆ تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان داوای دوو ملیار دۆلار قەرزی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کردووە، بەڵام واشنتۆن پێدانی پارەکەی بەستووەتەوە بە پەسەندکردنی یاسای قەرزی دەرەکی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەبێ ئەو یاسایەش هیچ بڕە پارەیەک ڕادەستی بەغدا ناکرێت.
سەردانەکەی وەزیری دارایی و بڕی قەرزە داواکراوەکە
مەنسوور بعێجی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی سەردانی وەزیری دارایی بۆ واشنتۆن و داواکردنی قەرزەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، ئەو قەرزەی عێراق داوای لە ئەمریکا کردووە، بڕەکەی 2 ملیار دۆلارە، ئامانجەکەی تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانە.
9 بانک لە لیستی سزاکانی ئەمریکا هەڵگیران
بعێجی ئاماژەی بەوەش کرد، "زەیدی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا کۆبووەوە، 9 بانک لە لیستی سزاکانی ئەمریکا هەڵگیران، حکومەت داوای قەرزی لە ئەمریکا کردووە، بەڵام مەرجیان بۆ وەزیری دارایی فیدڕاڵی هەبووە، بڕی قەرزەکە 2 ملیار دۆلارە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان".
ڕێکارە یاساییەکانی پڕۆژەیاسای قەرزکردن لە پەرلەمان
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەگەری ڕەتکردنەوە یان پەسەندکردنی یاسای قەرزکردنی دەرەکی گوتی، ئەگەر یاسای قەرزکردنی دەرەکی پەسەند نەکرێت، ئەمریکا هیچ قەرزێک ناداتە عێراق و زیاتر ڕوونیکردەوە، "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مەرجی ئەوەیە، کە یاسایەک بۆ قەرزەکە دەربچوێنرێت و بەگوێرەی ئەو یاسایە قەرزەکەی پێدەدرێت".
پرۆژە یاساکە خراوەتە بەرنامەی کارەوە
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی گوت، "وەزیری دارایی پڕۆژەیاسایەکی هێنایە لیژنەی دارایی، گۆڕانکاریی تێدا کراوە، ئێستا خراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاوەکو خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ ئەنجامبدرێت و دواتر پەسەند بکرێت، تاوەکو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا قەرز بداتە عێراق، چونکە بەبێ پەسەندکردنی ئەو یاسایە، هیچ قەرزێک نادرێتە عێراق".
1 کاتژمێر پێش ئێستا