محەممەد خەفاجى: لە ڕاپۆرتەکانى دیوانى چاودێریی دەرکەوتووە 56 ملیار لیتر سووتەمەنى دیارنەماوە
محەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران خرانەڕوو بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی دەرکەوتووە، تەنیا لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا، گەندەڵی و بەهەدەردانێکی زۆر کراوە و ڕۆژانە ملیۆنان لیتر سووتەمەنی دابەشکراوە و پارەکەی هەژمار نەکراوە.
پاساوی "بەهەڵمبوون" بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەکان
محەممەد جاسم خەفاجی لەبارەی شێوازی دیارنەمانی سووتەمەنی لە وێستگەکاندا گوتیشی، ئەگەر 30000 لیتر بەنزین درابێتە وێستگەیەکی ئەهلی، 28000 لیتری لەسەر هەژمارکراوە بە پاساوی بەهەڵمبوون و دیارنەمان، لەکاتێکدا شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە و وێستگەکە تەواوی 30000 لیترەکەی فرۆشتووە و تەنیا پارەی 28000 لیتری لەسەر حیسابکراوە.
پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دیارنەمانی 56 ملیار لیتر
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی دەرکەوتووە، 56 ملیار لیتر سووتەمەنی دیارنەماوە و لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان پێکهێنراوە.
کەمتەرخەمییەکانی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان
محەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوت گوتیشی، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کەمتەرخەمییەکی زۆری کردووە لە پڕۆسەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەموو عێراق.
کاریگەریی جیاوازیی بڕی سووتەمەنی لەسەر داهاتی گشتی
ناوبراو لەبارەی وردەکاریی زیاتری جیاوازیی ژمارەکان باسی ئەوەشیکرد، جیاوازیی یەک لیتر لێکدانی ملیۆن لیتر بکە بزانە چەند دەردەچێت، چونکە ڕۆژانە 10 ملیۆن لیتر بەنزین و 8 ملیۆن لیتر گاز و زۆر زیاتریش بەکاربراوە، بۆ نموونە لە پێوانەکردنی بەنزین، 30000 لیتر دراوە بە وێستگەیەکی ئەهلی، بەڵام 28000 لیتری لەسەر حیسابکراوە؛ بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە حیسابکردنەکەدا وا دانراوە کە بڕێکی بە هەڵم دەبێت و دیارنامێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا دیارنەمان نییە.
سزادانی بەرپرسانی کەمتەرخەم لە دۆسیەی سووتەمەنیدا
خەفاجی لەبارەی ئەنجامی ڕاپۆرتەکان و ڕێکارە یاساییەکان ئەوەشی ڕوونکردەوە، کە ئەمەش دیوانی چاودێریی دارایی لە ڕاپۆرتەکانیدا دەستنیشانی کردووە و 56 ملیار لیتر سووتەمەنی دیارنەماوە، ئەمە کارێکی خراپەکارییە و لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان پێکهێنراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا