حەیدەر موتێری: لە خولەکانی پێشوودا ڕۆڵی چاودێری لەلایەن فراکسیۆنە گەورەکانەوە پەکخرابوو

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
حەیدەر موتێری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
حەیدەر موتێری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، لە خولەکانی پێشوودا ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمان پەکخرابوو و فراکسیۆنە گەورەکان ڕێگەیان نەدەدا لێپرسینەوە لە وەزیرەکان، بەتایبەت وەزیرانی نەوت و کارەبا بکریت، سەرەڕای بوونی دۆسیەی گەندەڵی و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.

ڕێگریی فراکسیۆنە گەورەکان لە لێپرسینەوەی وەزیرەکان

حەیدەر موتێری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند، لە خولەکانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕۆڵی چاودێریی پەکخرابوو، بڕیارەکان لەلایەن فراکسیۆنە گەورەکانەوە دەدران و ڕێگەیان نەدەدا لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیرەکان بکرێت.

پەردەپۆشکردنی دۆسیەکانی وەزارەتی نەوت و کارەبا

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی ڕەتکردنەوەی لێپرسینەوە لە وەزیرانی نەوت و کارەبا گوتی، هەردوو وەزارەتی نەوت و کارەبا کە ئێستا دۆسیەکانیان ئاشکرا دەبن، لە خولی پێشوودا داوای لێپرسینەوەیان لە وەزیرەکانیان کرد بەڵام فراکسیۆنە گەورەکان ڕەتیانکردەوە.

داواکارییەکانی لێپرسینەوە لەلایەن فراکسیۆنی ئیشراقەت کانوون

حەیدەر موتێری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم چاودێریی پەرلەمان زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی، "ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆڵی چاودێریی خۆی نەبینیوە، ڕۆڵی چاودێری لە خولەکانی پێشووەوە پەکخراوە و بڕیارەکان لە فراکسیۆنە سیاسییە گەورەکانەوە دراون، فراکسیۆنی ئیشراقەت کانوون لە خولی ڕابردوو 3 داواکاریی بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت پێشکەش کرد، کە ئێستا دۆسیەکانی دەردەکەون، لێپرسینەوە لە وەزیری کارەبا، کە ماوەیەک لەمەوبەر دۆسیەی 4 ملیار و نیوی دەرکەوت، بەڵام فراکسیۆنە گەورەکان لێپرسینەوەکانیان ڕەتکردەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی پێکهاتەیی و یاساییەوە تەواوکرابوون".

پێویستیی گەڕاندنەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی چاودێریی پەرلەمان

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەرکی دەستووریی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە گوتیشی، "لە خولی ڕابردوو نەمانتوانی ڕۆڵی دەستووری و چاودێریی خۆمان ببینین، گرفتە گەورەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە، پێویستە ڕۆڵی دروستی چاودێری ببێنێت و لێپرسینەوە لەگەڵ وەزارەتەکان بکات".

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا