هەفتەى داهاتوو لە خانەقین نووسینگەى دەرهێنانى پاسپۆرت دەکرێتەوە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لە خانەقین نووسینگەى دەرهێنانى پاسپۆرت دەکرێتەوە
لە خانەقین نووسینگەى دەرهێنانى پاسپۆرت دەکرێتەوە

سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە دوای هەوڵێکی زۆر، وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە قەزای خانەقین داوە و بەمەش کۆتایی بەو گەشتە دوورودرێژانە دەهێنرێت کە دانیشتووانی ناوچەکە بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرت بەرەو شارەکانی دیالە و بەعقووبە ئەنجامیان دەدا.

کۆتاییهێنان بە گەشتی ناچاریی دانیشتووانی خانەقین بۆ شارەکانی دیکە

سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی نەبوونی نووسینگەی پاسپۆرت لە خانەقین بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا نووسینگەی دەرهێنانی پاسپۆرت لە خانەقین نەبووە، بەوهۆیەوە دانیشتووانی ناوچەکە ناچار بوون بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت ڕوو لە دیالە و بەعقووبە بکەن.

ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت

سروە محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی نووسینگەکە گوتیشی، بەفەرمی داواکارییان بۆ وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی بەرز کردووەتەوە و بڕیار دراوە بە کردنەوەی نووسینگەی دەرهێنانی پاسپۆرت لە ناوەندی خانەقین.

پێداویستییە تەکنیکییەکان و کاتی کردنەوەی نووسینگەکە

سروە محەممەد لەبارەی گەیشتنی ئامێرەکان و کاتی دەستبەکاربوونی نووسینگەکە ڕاشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو کۆمپیوتەر و ئامێرە پێویستییەکان دەگاتە خانەقین و نووسینگەکە دەکرێتەوە؛ هەروەها باسی لەوەش کرد کە لەمەودوا پێویست ناکات هاونیشتمانییانی خانەقین بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت بچنە ناوچەکانی دیکە.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا