نەخۆشی و کەڕوو بووە هۆی بڕینەوەی نزیکەی 5 هەزار درەختی دارستانی کێوەڕەشی ڕانیە؛ 10 هەزار درەختی ڕەسەن دەچێندرێن

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەخۆشی و کەڕوو بووە هۆی بڕینەوەی نزیکەی 5 هەزار درەختی دارستانی کێوەڕەشی ڕانیە و لە شوێنیاندا 10 هەزار درەختی ڕەسەن دەچێندرێن
نەخۆشی و کەڕوو بووە هۆی بڕینەوەی نزیکەی 5 هەزار درەختی دارستانی کێوەڕەشی ڕانیە و لە شوێنیاندا 10 هەزار درەختی ڕەسەن دەچێندرێن

نزیکەی 5 هەزار درەختی دارستانی کێوەڕەش لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەهۆی نەخۆشییەوە وشک بوون و بڕیاری بڕینەوەیان دراوە. بەرپرسان و ژینگەپارێزان ڕوونکردنەوە دەدەن، کە بڕینەوەکە بۆ ڕێگرییە لە گواستنەوەی نەخۆشی بۆ درەختە تەندروستەکان و لە هەمان کاتدا پلانی چاندنی 10 هەزار درەختی نوێ جێبەجێ دەکرێت.

بڕینەوەی درەختە بەتەمەنەکانی دارستانی کێوەڕەش

ژمارەیەکی زۆر لەو درەختانە کە زیاتر لە 50 ساڵە لە دارستانی کێوەڕەشی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەژین، لە ئێستادا دەبڕدرێنەوە.

هۆکاری بڕینەوەی درەختەکانی دارستانی کێوەڕەش

بڕینەوەی درەختەکان، کە چەندین ساڵە لە دارستانی کێوەڕەشی ڕانیە ڕوواون، لە یەکەم نیگادا بە کارێکی نایاسایی بزانرێت و بە پێچەوانەی بنەمای پاراستنی ژینگە دەربکەوێت، بەڵام هۆکاری بڕینەوەی درەختەکان بۆ نەخۆشی و کەڕوو دەگەڕێتەوە.

ڕاگەیاندنی نائاساییبوونی ڕێژەی وشکبوونی درەختەکان

هۆشەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی ڕاپەڕین لەبارەی وشکبوونی نیوەی دارستانی کێوەڕەشەوە لە بەرنامەی دەنگی زەوی کەناڵ8 باسی لەوەکرد، نزیکەی 5 هەزار دار کە دەکاتە %50ـی سەوزایی دارستانی کێوەڕەش لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، وشک بوون، حاڵەتێکی نائاسایی بوو لیژنەیەک بەشێوەیەکی پراکتیکی جۆری نەخۆشییەکەیان دەستنیشانکرد و پاش ڕاوێژکردن و وەرگرتنی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دارەکان دەبڕدرێنەوە.

بەکارهێنانی داری درەختە بڕاوەکان و پاراستنی ژینگە

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی ڕاپەڕین لەبارەی شێوازی بڕینەوە و بەکارهێنانەوەی دارەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ئەوەی هیچ بڕە بودجەیەک بۆ ئەم کارە تەرخان نەکراوە، هاونیشتمانییانی سنوورەکە خۆبەخشانە دێنە دارستانەکە و دەست دەکەن بە بڕینەوەی درەختەکان، کاتێک دارەکان دەبڕدرێنەوە، ئێمە مەرجی سەرەکیمان ئەوەیە کە نەسوتێنرێن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پاکوخاوێنی ژینگەی ڕاپەڕین بکرێت و داوامان کردووە کە لە دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ و جوانکاریدا بەکاربهێنرێن.

داڕشتنی نەخشەی نوێ بۆ گەشەپێدانی دارستانەکە

ڕێباز عەبدولڕەحمان، سەرۆکی لقی ڕاپەڕینی یەکێتی ئەندازیارانی کوردستان لەبارەی نەخشەی نوێی دارستانەکەوە نەخشەیەکی بۆ کەناڵ8 خستووەتەڕوو و گوتی، ڕووبەری دارستانەکە 1,100 دۆنم زەوییە، بەگوێرەی نەخشەکە کردوویانە بە 4 زۆنەوە، هەر زۆنێک خەزانێکی ئاوی بۆ دابیندەکرێت کە بڕی 300 هەزار لیتر ئاو گلدەداتەوە، داواشیان لە وەزیری کشتوکاڵ کردووە، نزیکەی 10 هەزار درەختیان بۆ دابینبکات، بۆ چاندنی لە دارستانەکە، بەو مەرجەی لەگەڵ سروشتی دارستانەکە بگونجێت و شورایەک بە دەوری دارستانەکەدا دەکەن و شوێنی پارکی ئۆتۆمبێلیش دەستنیشاکراوە، تاوەکو گرفت بۆ گەشتیاران دروست نەبێت.

سوودی زانستیی بڕینەوەی درەختە نەخۆشەکان

سەردار عەبدولڕەحمان چالاکوانی ژینگەش لەبارەی ڕێگری لە گواستنەوەی بەکتریای نێوان درەختەکان قسەی بۆ کەناڵ8 کرد و گوتی، لە ڕووی زانستییەوە بڕینەوەی درەختەکان نەک زیان بەڵکو سوودیشی هەیە، چونکە لە نێو درەختەکاندا سیگناڵ هەیە ئەو ڤایرۆس و بەکتریایانەی بە درەختێکی نەخۆشەوەن دەگوازرێنەوە بۆ درەختێک کە گرفتی نییە، بەو هۆیەشەوە، بە تێپەڕبوونی کات درەختەکان وشک دەبن.

پلانی ڕوواندنی درەختی نوێ و جێگرەوە

ساوێن ساڵح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕینیش لەبارەی کاریگەرییە ژینگەیییەکان و دابینکردنی جۆری درەختە جێگرەوەکان باس لە بڕینەوەی درەختەکان دەکات و گوتی، وشکبوونی درەختەکان کاریگەری لەسەر کەش و هەوای ناوچەکە و بەرزونزمی پلەکانی گەرما و خۆڵبارین دەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر درەخت دەبڕدرێنەوە، بۆ ئەوەی شوێنگرەوەی هەبێت، داوای درەختی خۆری بەڕوو، مازوو، قەزوان و زەیتونیان کردووە، تاوەکو لە شوێنی درەختە بڕاوەکان بیڕوێننەوە.

کاریگەریی کەڕووی درەخت و نیشانەکانی نەخۆشییەکە

کەڕووی درەخت جۆرە مێروویەکە لەسەر درەخت گەشە دەکات. بەشێکیان مشەخۆرن و دارەکە نەخۆش دەخەن، هەندێکیان داری مردوو ڕزیو دەکەن و خاک بەپیت دەکەن، بەشێکیشیان سوودیان هەیە و کەرەستەی خۆراکیی دەدەنێ. دیارترین نیشانەکانی پەڵەی گەڵا و شیبوونەوەی قەدە.

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا