وانەبێژە لابراوەکان داوادەکەن بخرێنە شوێنى ئەو مامۆستایانەى خانەنشین دەکرێن

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وانەبێژە لابراوەکان داوادەکەن بخرێنە شوێنى ئەو مامۆستایانەى خانەنشین دەکرێن
وانەبێژە لابراوەکان داوادەکەن بخرێنە شوێنى ئەو مامۆستایانەى خانەنشین دەکرێن

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی وانەبێژی لابراو داوا دەکەن بەر لە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن و لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی میلاکاتدا، وەک مامۆستای گرێبەست بخرێنە شوێنی ئەو هەزاران مامۆستایەی خانەنشین کراون، نوێنەری ئەو مامۆستایانەش جەخت دەکاتەوە کە خزمەتی هەندێکیان دەگاتە 14 ساڵ و پێویستە حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت.

هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی مامۆستایان لە پڕۆسەی وانەبێژی

مامۆستا شاباز ناسر، نوێنەری وانەبێژانی لابراو لە سلێمانی لەبارەی دۆخی مامۆستایانی دوورخراوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەک مامۆستای وانەبێژ بەر لە بڕیاری بەگرێبەستبوونیان بە هۆکاری جیاواز لە پڕۆسەی وانەبێژی دوورکەوتوونەتەوە؛ وەزارەتی پەروەردە پێی گوتوون، تەنیا لە حاڵەتی لەجێدانان دەتوانن سوود لەو مامۆستایانە وەربگرن کە پێشتر وانەبێژ بوون و گەڕێنراونەتەوە.

کەمیی ژمارەی مامۆستا جێگرەوەکان بەراورد بە خانەنشینکراوان

مامۆستا شاباز ناسر، نوێنەری وانەبێژانی لابراو سەبارەت بە ڕێژەی پڕکردنەوەی میلاکاتی پەروەردەکان گوتیشی، بەراورد بە ژمارەیان، لەجێگەدانانەکە زۆر کەمە، چونکە ساڵی ڕابردوو حەوت هەزار مامۆستا خانەنشین کراون، بەڵام تاکوتەرا مامۆستا لە شوێنیان دانراوە، بۆیە داوا دەکەن بە بڕیارێک سەرجەم ئەو مامۆستایانە بخرێنە شوێنیان و بەڵێنیش دەدەن لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا لە هەر پەروەردەیەک پێویستی بە ڕاژەکەیان بێت خزمەت بکەن.

ئاماری ئەو مامۆستایانەی داوای گەڕانەوە دەکەن

مامۆستا شاباز ناسر لەبارەی ئاماری مامۆستایانی داواکار بۆ گەڕانەوە سەر کارەکانیان جەختیشی کردەوە، تاوەکو ئێستا کەمتر لە 1000 مامۆستا داوای گەڕانەوەیان کردووە و ژمارەیان زۆر کەمترە لەو مامۆستایانەی خانەنشین بوون.

خزمەتی درێژخایەنی وانەبێژە لابراوەکان لە ناوەندەکانی خوێندن

مامۆستا شاباز ناسر لەبارەی ماوەی خزمەتی مامۆستایانی وانەبێژی لابراو دەڵێت، بەشێک لە وانەبێژە لابراوەکان زیاتر لە 14 ساڵ خزمەتیان کردووە، بەڵام لابراون.

هەنگاوەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ کۆکردنەوەی ناوی مامۆستایان

ئەوەش لە کاتێکدایە، پاش دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، وەزارەتی پەروەردە داوای لە پەروەردەکان کرد ناوی ئەو وانەبێژانەیان بۆ بنێرن کە بە هەر هۆکارێک لابراون؛ سەرجەم پەروەردەکان ناوەکانیان بۆ وەزارەت بەرز کردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاماری دروستیان ڕانەگەیەندراوە.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا