ترەمپ: بەرنامەی ئەتۆمیی سعودیە بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی ئیبراهیمییەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی مەرجەکانی بەرنامەی ئەتۆمییەوە ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی سعوودیە بەستراوەتەوە بە پەیوەستبوونیان بە ڕێککەوتنی ئیبراهیمییەوە، دوای ئەم پەیامەش نووسینگەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دانپێدانانی سعوودیە بە دەوڵەتی ئیسرائیل هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پیتاندنی یۆرانیۆم و تێچووی پڕۆژە ئەتۆمییەکە
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە لە تۆڕی ترووس ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دژ بە بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆم نییە، بە مەرجێک پیتاندن بۆ یۆرانیۆم نەکرێت، ئەم قسانەی ترەمپ دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی واشنتن و ڕیاز هات، بۆ دامەزراندنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی ئاشتییانە لە سعوودیە، کە تێچووەکەی ملیاران دۆلارە.
ڕەهەندە مێژووییەکانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان
نووسینگەی نەتانیاهوو لەبارەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمییەوە ڕایگەیاند، پەیوەندیکردنی سعوودیە بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمییەوە بازدانێکی مێژوویی دەبێت بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش یەکەمجارە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ سعوودیە ببەسترێتەوە بە پەیوەستکردنی بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمییەوە.
پاکستان و ڕۆڵی چەتری ئەتۆمی بۆ سعوودیە
ئەمریکا پلانی دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی لە سعوودیە بە ئاشتیپارێزانە و بۆ مەبەستی وزە ناودەبات، ئەوەش لەکاتێکدایە، پاکستان وەکو وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی ڕێککەوتنی لەگەڵ سعوودیە هەیە، بۆ پاراستنی لە هەر هەڕەشەیەکی ئەتۆمی و پاکستان دەبێت بە "چەتری ئەتۆمی" بۆ سعوودیە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا