بەراوردکردنی گەرووی بابلمەندەب و گەرووی هوورمز؛ گەرووە ستراتیژییەکانی وزە و بازرگانیی جیهانی
گەرووەکانی هوورمز و بابلمەندەب وەک دوو گرنگترین خاڵی ستراتیژی لە جوگرافیای ئابووریی جیهاندا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە گواستنەوەی وزە و کاڵاکان دەگێڕن. ئەم دوو ڕێڕەوە نەک تەنیا بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکوو بۆ سەقامگیریی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی وزەی جیهانی، بایەخێکی بێوێنە و مێژووییان هەیە.
پێگەی ستراتیژیی گەرووەکان لە نەخشەی جیهاندا
گەرووی هوورمز و گەرووی بابلمەندەب لە 7 گەرووە سروشتییەکەی جیهانن و دوو خاڵی گرنگی کەشتیوانیی بازرگانیی جیهانن، دەکەونە دەستە ڕاست و دەستە چەپی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، هەر یەکێکیان کاریگەریی بەرچاویان لەسەر ئابووریی جیهان هەیە.
هوورمز؛ شاخوێنبەری گواستنەوەی وزە بۆ جیهان
گەرووی هوورمز بە شاخوێنبەری وزەی جیهان دادەنرێت و ڕێڕەوێکی تەسکی کەشتیوانییە، دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان و ئیمارات، ئاوی کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومان دەبەستێتەوە، لە ڕووی جوگرافییەوە ئەم وڵاتانە دەکەونە پێش و دوای گەرووەکەوە (عێراق و کووەیت لە باکوورەوە، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران).
تایبەتمەندییە جوگرافییەکانی گەرووی هوورمز
درێژیی گەرووەکە نزیکەی 167 کیلۆمەتر و پانییەکەی 97 کیلۆمەترە و لە تەسکترین خاڵیدا دەگاتە 33 کیلۆمەتر، قووڵییەکەی بەگوێرەی شوێن دەگۆڕێت و نزیکەی 200 مەترە و لە هەندێک شوێندا دەگاتە 60 مەتر.
ڕێژەی گواستنەوەی نەوت و گاز لە گەرووی هوورمزدا
ئەم گەرووە بە پلەی یەکەم بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز بەکاردەهێنرێت و 20%ـی نەوت و گازی جیهان لەڕێگەیەوە دەگوازرێتەوە، دەرچەی نەوتی وڵاتانی کەنداوە بۆ جیهانی دەرەوە و ڕۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێت.
کاریگەریی کەشوهەوا لەسەر بەردەوامیی کەشتیوانی
لە ڕووی کەشوهەواوە گەرووەکە ئاووهەوایەکی کەمەرەیی هەیە، واتە گەرمە. ئەمەش وایکردووە بەدرێژایی ساڵ جموجوڵی کەشتیوانیی تێدا بەردەوامبێت.
لێکەوتە ئابوورییەکانی داخستنی گەرووی هوورمز
وەک ئێستا بەکرداری دەبینین، داخستنی گەرووەکە بووەتە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوت و گازی وڵاتانی کەنداو، کە زۆرێکیان بەدیلێکی تەواوەتییان نییە بۆ هەناردەکردن و هەر ڕێگەیەکیت دیکە بەکاربهێنن، تێچوویەکی زۆری هەیە، چونکە لە مێژە هوورمز بەکاردەهێنن.
ئەو وڵاتانەی لە ئەنجامی پەککەوتنی هوورمز زیانمەند دەبن
داخستنەکەی تەنیا زیان بە فرۆشیارانی نەوت ناگەیەنێت، لەم ڕێگەیەوە کە بە پلەی یەکەم (عێراق، ئێران، کووەیت، سعوودیە، بەحرەین، قەتەر و ئیماراتن)، بەڵکوو زیان بە کڕیارەکانیش دەگەیەنێت، کە وڵاتانی ئاسیا (چین، هیندستان، ژاپۆن، کۆریای باشوور) و وڵاتانی ئەورووپا وەک (ئیتاڵیا، یۆنان و ئیسپانیا)ن و هەروەها ئەمریکا کە بۆ هاوردەکردنی وزە پشتی پێدەبەستن.
بابلمەندەب؛ دەروازەی ستراتیژیی نێوان دەریای سوور و زەریای هیندی
گەرووی بابلمەندەب دەکەوێتە نێوان (یەمەن، جیبووتی، ئێریتریا)، گەرووەکە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و زەریای هیندی دەبەستێتەوە، ئەم وڵاتانە دەکەونە دەوروبەری گەرووەکە (لە باکوورەوە میسر، ئوردن و سعوودیە، لە باشووریشەوە سۆماڵ و سۆماڵیلاند).
پێگەی جوگرافی و سەربازیی گەرووی بابلمەندەب
درێژیی گەرووەکە لە نێوان 110 بۆ 150 کیلۆمەترە و پانییەکەی 61 کیلۆمەتر دەبێت و لە تەسکترین خاڵیدا دەگاتە 30 کیلۆمەتر، قووڵییەکەی بەگوێرەی شوێن دەگۆڕێت و نزیکەی 300 مەترە. ئەم تەسکبوونەوە جوگرافییە وایکردووە، کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە لە ڕووی سەربازییەوە زۆر ئاسان بێت و بە یەکێک لە هەستیارترین خاڵەکانی هاتوچۆی دەریایی جیهان دابنرێت.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بابلمەندەبدا
نزیکەی 10% بۆ 15%ـی بازرگانیی جیهان لەم ڕێڕەوەوە ئەنجامدەدرێت، نزیکەی 7%ـی ئەو بازرگانییە نەوتە و ڕۆژانە 6 ملیۆن بەرمیلی پێدا تێدەپەڕێت، بازرگانییەکەی دیکەی کەلوپەلە.
پەیوەندیی نێوان بابلمەندەب و کەناڵی سوێس
بابلمەندەب، دەروازەیەکی گرنگە بۆ کەناڵی سوێس لە میسر و لینکی بازرگانیی نێوان ئەورووپا و ئاسیایە، نەمانی ئەم ڕێڕەوە بە واتای ئەوەدێت دەبێت کەشتییەکان بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا بسووڕێنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئاسیا، ئەوەش کات و تێچووی گواستنەوە دووهێندە دەکات.
ئەو ناوچە و وڵاتانەی ژیانی ئابوورییان بەندە بە بابلمەندەبەوە
هەرچەندە هەموو جیهان بۆ بازرگانیی گشتی پشتی پێدەبەستێت، بەڵام چەند ناوچە و وڵاتێک هەن کە ژیانی ئابوورییان ڕاستەوخۆ بەندە بە ئارامیی ئەم گەرووەوە ئەوانیش بریتین لە؛
ڕۆڵی بابلمەندەب لە دابینکردنی وزەی ئەورووپا
وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەت یەکێتیی ئەورووپا، بۆ هاوردەکردنی نەوت و گازی سروشتی. وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لەوانە (سعوودیە، عێراق، کووەیت و ئیمارات) ئەم وڵاتانە بەشێکی زۆری نەوتی خۆیان لەم ڕێگەیەوە هەناردەی بازاڕەکانی ئەورووپا دەکەن.
کاریگەریی گەرووەکە لەسەر داهاتی نیشتمانیی میسر
میسر لەبارەی داهاتی کەناڵی سوێسەوە ڕایگەیاند، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئابووریی میسر و ڕاستەوخۆ بەندە بە کراوەیی گەرووی بابلمەندەبەوە، چونکە ئەگەر گەرووەکە دابخرێت، کەناڵی سوێسیش پەکى دەکەوێت.
ئاسیای پیشەسازی و گەیاندنی کاڵاکان بۆ ئەورووپا
چین و وڵاتانی پیشەسازیی ئاسیا لەوانە؛ (ژاپۆن، کۆریای باشوور)، چینیش وەک گەورەترین هەناردەکاری کاڵا لە جیهاندا، ئەم گەرووە بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی بەرهەمە تەکنەلۆجی و پیشەسازییەکانی بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا.
ئابووریی وڵاتانی دەوروبەری گەرووی بابلمەندەب
وڵاتانی دەوروبەری گەرووەکە (یەمەن، جیبووتی، ئێریتریا، سۆماڵ) و بە تایبەتی وڵاتی جیبووتی، ئابوورییەکەی بە تەواوی پشت بە بەندەرەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کەشتییە تێپەڕبووەکان دەبەستێت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا