ترەمپ: سزای سەربازیی گەورەی ئێران و حوسییەکان دەدەین
دوای ئانجامدانی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە دەریای سوور، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی حوسییەکان و ئێران کرد و ڕایگەیاند لە بەرامبەر بەردەوامیی ئەو هێرشانەدا سزای سەربازیی زۆر گەورەیان بەسەردا دەسەپێنن.
هەڕەشەی سزادانی سەربازیی ئێران و حوسییەکان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەرپرسیارێتیی تاران و حوسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس ڕایگەیاند، ئەمریکا لێپێچینەوە لە ئێران دەکات، بەو پێیەی کە حوسییەکان بریکاری ئێرانن، ئەگەر هێرشی زیاتر بکەن، سزای سەربازیی گەورەی حوسییەکانیش دەدەین.
ئاماژەدان بە هێرشەکانی ساڵی ڕابردوو
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هۆکاری هێرشە بەرفراوانەکەی ساڵی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان گوتی، "هێرشەکەی ساڵی ڕابردوو بەهۆی دەستوەردانی حوسییەکان بوو لە کاری بازرگانیی دەریایی و بەئامانجگرتنی کەشتییەکان"، جەختی لەوەش کردەوە، لەو کاتەوە و لە سەردەمی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، حوسییەکان زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەیان کردووە، بەڵام ئێستا دەستیان بە هێرشەکان کردووەتەوە.
هۆشداریدان لە بەئامانجگرتنی کەشتییە سعودییەکان
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دەستتێوەردانی ئێران و بەئامانجگرتنی کەشتییە سعودییەکان ڕایگەیاند، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەئامانجگرتنی دوو کەشتیی سعودی لەلایەن حوسییەکانەوە دەردەبرێت و هەڕەشەی ئەوە دەکات، ئەگەر ئەو کارە دووبارە بکەنەوە، ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت، بەو پێیەی، وەکو ترەمپ دەڵێت: حوسییەکان بریکاری ئێرانن، لەبەر ئەوە سزای سەربازیی گەورەی ئێران و حوسییەکانیش دەدەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا