بەغداد و تاران جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و ئابووری و چارەسەری دیپلۆماسی کردەوە

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەغداد و تاران جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و ئابووری و چارەسەری دیپلۆماسیی قەیرانەکان کردەوە. فۆتۆ: AFP
بەغداد و تاران جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و ئابووری و چارەسەری دیپلۆماسیی قەیرانەکان کردەوە. فۆتۆ: AFP

ڕاگەیێنراوی هاوبەشی عێراق و ئێران لەسەر سەردانەکەی زەیدی بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، جەختیان لە هەماهەنگیی ئەمنی، چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە گفتوگۆی دیپلۆماسی و دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە.

تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ پزیشکیان

لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، زەیدی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان، پێشهاتە هەرێمایەتییەکان، پرسە نێودەوڵەتییەکانی جێی بایەخی هەردوو وڵات گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی ئاسۆی پەیوەندییەکانەوە جەختیان لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە هاوبەشەکان کردووەتەوە، لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی، ڕۆشنبیری، زانستی، تەکنەلۆجی، ژێرخانی ئابووری و پەیوەندیی جەماوەری.

ڕێککەوتن لەسەر کۆبوونەوەی ساڵانەی لیژنەی باڵا

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دروستکردنی میتۆدێکی هاوبەشەوە ڕێککەوتوون ساڵانە عێراق و ئێران کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەش لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی هەردوو وڵات ئەنجامبدەن، بەو مەرجەی هەر ساڵە و لە پایتەختی یەکێک لە وڵاتەکان بێت.

سوپاسگوزاریی تاران بۆ بەشداریکردن لە ماڵئاوایی عەلی خامنەیی

لەو سەردانەدا ئێران سوپاسی گەل و حکومەتی عێراقی کردووە، بۆ ئەو پشتیوانی و میوانداری و بەشداریکردنەی لە ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی مێژوویی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی ئێران و عێراق کردووەتەوە.

پەلەکردن لە پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی بەسڕە – شەلامچە

لە بواری هاوکاریی ئابووری، هەردوولا جەختیان لە پەلەکردن لە تەواوکردنی هێڵی ئاسنینی نێوان بەسڕە – شەلامچە کردووەتەوە، لەپێناو زیاترکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و فراوانترکردنی وەبەرهێنانی هاوبەش، بەهێزترکردنی هاوکاریی بانکی و دارایی، پەرەپێدانی هاوکاری لە بوارەکانی وزە و گواستنەوە و ترانزێت، پیشەسازی و کشتوکاڵ و پەرەپێدان.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ژینگەیییەکان و وشکەساڵی

لە بواری ژینگە و ئەو ئاڵنگارییە هاوبەشانەی لە لێکەوتەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و وشکەساڵی، خۆڵبارین و سەرجەم هەڕەشە ژینگەیییەکان هەیە، جەختیان لە گرنگیی فراوانکردنی هەماهەنگیی زانستی و توێژینەوە بۆ پاراستنی زۆنگاوە هاوبەشەکان کردووەتەوە، لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و بەهێزترکردنی هەماهەنگی لە کایە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها ڕێککەوتن کراوە لەسەر گرتنەبەری ڕێکاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە ژینگەیییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەشی پەرەپێدانی بەردەوام.

هەماهەنگیی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر

لە بواری ئەمنیدا، عێراق و ئێران دوایین پێشهاتەکانیان تاوتوێ کردووە، هەروەها جەختیان لەسەر نزیککردنەوەی بۆچوونەکانیان کردووە لەسەر زۆرێک لە ئاڵنگارییەکان و جەختیان لە بەهێزترکردنی هاوکاریی ئەمنی کردووەتەوە لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تاوانی ڕێکخراو، قاچاخ و هەڕەشە سنووربڕەکان و ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگیی هاوبەش لەو بوارانە.

جەختکردنەوە لە چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانەکان

عێراق و ئێران لەبارەی ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانەوە جەختیان لەوە کردەوە، چارەسەری قەیرانەکان تەنیا بە گفتوگۆی دیپلۆماسی و بەشداریی بونیادنەرانەی وڵاتانی ناوچەکە دەبێت، لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش و ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، دەستوەرنەدانی دەرەکیی سەربازی و سیاسی و پشتیوانیی خۆیان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پشتبەستوو بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهاتنی قەیرانە هەرێمایەتییەکان دووپاتکردەوە.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا