سوپای پاسداران: بنکەکانی ئەمریکامان لە ئوردن و بەحرێن کردە ئامانج

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی بەحرێن و ئوردن".

بۆردوومانى بنکەکانى ئەمریکا

سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند، بە درۆن هێرشمان کردە سەر کۆگاکانی سوتەمەنی و لۆجستی و ناوەندەکانی فەرماندەی ئەمریکا لە بنکەی شێخ عیسا لە بەحرێن و ئەلئەزرەق لە ئوردن.

ئامارى دروستى قوربانى

میدیای ئێرانیش دەڵێت، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە قشم و بەندەرعەباس و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران بیستراوە و بەو هۆیەوە کوژران و بریندار هەیە و تاوەکو ئێستاش ئاماری دروست لە بارەی زیانە گیانی و داراییەکانی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاونەکراوەتەوە.

ئێران: وەڵامی یەکلاکەرەوەمان هەیە

لە ڕاگەیێنراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێران هاتووە هەر هێرشێک بۆ سەر سەروەری و ژێرخانی ئابووری ئێران وەڵامی توند و یەکلاییکەرەوەی دەبێت.

گرژییەکان لەسەر ئیدارەدانى گەرووى هوورمز

زیاتر لە 15 ڕۆژە گرژی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەهۆی ناکۆکیان لەسەر ئیدارەدانی گەرووی هوورمز دروستبووە، تاوەکو ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان نییە.

لە دوایین لیدوانیدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیایی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا درک بە بەرژەوەندییە نەتەوەیەکانی ئێران نەکات لای ئەوان هیچ ئەگەرێک بۆ دانوستان نابێت.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا