کێشەى خانەنشینى ئەو کارمەندى گرێبەستە حکومییانە چارەسەرکرا کە لە کەرتى تایبەت کاردەکەن

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕێوەبەرایەتى گشتیی کار و دەستەبەریى کۆمەڵایەتى، سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ڕایگەیاند، کێشەى ئەو کارمەندە گرێبەستە حکومییانە چارەسەرکراوە کە لە کەرتى تایبەت کاردەکەن و بڕیاردراوە خزمەتەکەیان بۆ هەژماربکرێت و مانگانە 5% مووچەکانیان بۆ خانەنشینى لە کەرتى تایبەت لێوەربگیرێت.

چارەسەرى گرفتەکان

بەڕێوەبەرایەتى گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى نوسراوێکى ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی کردووە، داوایکردووە گرفتى خانەنشینیى ئەو کارمەندى گرێبەستە حکومییانەى لە کەرتى تایبەت کاردەکەن چارەسەر بکرێت.

وەڵامى وەزارەتى دارایی

وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان، لە وەڵامدا گوتویەتى" بەگوێرەى یاساى خانەنشینى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى کرێکاران دۆخى ئەو کارمەندە گرێبەستانە چارەسەربکرێت.

مانگانە لێبڕینەکە بدرێت لەبرى کۆبووەوەى هەموو ساڵان

بەڕێوەبەرایەتى گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى کرێکاران لە بارەى بڕیارەکەوە لە ڕێگەیێنراوێکدا دەڵێت" گرنگترین دەستکەوتی ئەم ڕێکارە ئەوەیە کە کارمەندانی گرێبەستی حکومی کە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن و لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار و دەستەبەر کراون، دەتوانن خزمەتی دەستەبەریی خۆیان بۆ میلاکی گشتی بگوازنەوە و لە کاتی خانەنشین بووندا ناچار نەبن بە شێوەی کۆبووەوە بەیەکجار لێبڕینى خانەنشینیی ساڵانی پێشوو بدەن، بەڵکو هەر ئێستا مانگانە لێبڕینەکە بدەن.

لێبڕینى خانەنشینیی لە 5%

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو کارمەندانە دەتوانن خۆیان دەستەبەرى بکەن و لێبڕینى خانەنشینى بدەن کە لە 5%ە، لە کاتێکدا لە کەرتى حکومى لە 10%یە، ئەمەش وادەکات خزمەتەکەیان لە کەرتى تایبەت بە شێوەى یاسایی بپارێزرێت.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا