تەندروستی ئێران: لە هێرشەکانی ئەمریکا 55 کەس کوژراون
وەزارەتی تەندروستی ئێران ئامارى قوربانیان گرژییەکانی ئەم دواییە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی هێرشەکان 55 کەس کوژران و 629 کەسیش برینداربوون، میدیایی ئێرانیش دەڵێت، لە هێرشەکانی ئەم شەودا چوار کەس لە پارێزگای خوزستان کوژراون.
ئامارى قوربانییان
حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، "لە 27ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە تاوەکو بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە 23ـی تەممووز، 55 کەس کوژراون کە لە ناویاندا شەش ژن هەیە".
کرمانپوور دەڵێت، لەو 629 بریندارە 46 یان ژن و 24 یان منداڵ و لە کوژراوەکانیش شەشیان ژن و سێیان منداڵن و خوار تەمەن 18 ساڵن.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەشڵێت، تاوەکو ئێستا 52 نەشتەرگەرییان کردووە 36 لە بریندارەکانیش لە نەخۆشخانە خەوێنراون.
قوربانییانى هێرشەکانى خوزستان
بە گوێرەی میدیایی ئێران لە زاری بەرپرسانی پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، بەهۆی هێرشەکانی شەوى ڕابردووى ئەمریکاوە چوار کەس کوژراون و پێنج کەس برینداربوون.
کردنە ئامانجى ژێرخانى سڤیل و سەربازیی
جگە لە زیانە گیانییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە چەندین شوێنی سڤیل و سەربازی لەوانە، سیستەم بەرگری و ڕاداری ئێران، توانا سەربازی و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی، ژێرخانی ئابووریی و پرد و ناوەندە سەربازییەکان، وێستگە ئەتۆمییەکان، ناوەندەکانی وزە و تاوەرەکانی کارەبای وڵاتەکە لەو ماوەیەدا کراونەتە ئامانج.
1 کاتژمێر پێش ئێستا