عەلى زەیدى دواى سەردانێکى یەک ڕۆژە بۆ تاران گەڕایەوە بەغداد
عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، دواى سەردانێکى یەک ڕۆژە بۆ تاران گەڕایەوە بەغداد، بە پێچەوانەى سەردانەکەى بۆ ئەمریکا کە دەیان دیدار و کۆبوونەوە و واژۆکردنى 48 ڕێککەوتنى تێدا کرا، لە سەردانەکەیدا بۆ تاران تەنیا چوار کۆبوونەوەى کرد و ڕێککەوتنامەیەک و سێ یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات واژۆکرا.
سەردانکردنى تاران
زەیدى ڕۆژى پێنجشەممە بە یاوەرى ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسى حکومەتەکەى، سەردانى تارانى کرد، لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمارى ئێران کۆبووەوە، دواتریش پزیشکیان و زەیدى، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەى باڵاى هەردوو حکومەتییان کرد.
ڕێککەوتنى ئابووریی و بازرگانی
دواى کۆبوونەوەکەش، ڕێککەوتنامەیەک لە بوارى کارگۆ و گواستنەوەى زەمینى، یاداشتنامەیەک بۆ ڕاکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لە کرماشانەوە بۆ خوسرەو- خانەقین- بەغداد، یاداشتنامەیەک بۆ دەستەخوشکى بەغداد و تاران و یاداشتنامەیەکى دیکەش لەبوارى کارگێڕیی حکومەت و ڕاهێنان بە سەرچاوە مرۆییەکان واژۆکران.
کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى باڵا
هەر لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، زەیدى لەگەڵ محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکى پەرلەمانی ئێران و غوڵام حسێن موحسینى ئێژەیی، سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى ئێران کۆبووە و هەمان ڕۆژ گەڕایەوە بەغداد.
سەردانێکى کورت بەڵام بەرهەمدار
سەردانەکەى زەیدى بۆ تاران کورت و کەم بەرهەمبوو، بە پێچەوانەى سەردانەکەى بۆ ئەمریکا کە جگە لەوەى پێنج ڕۆژى خایاند، زیاد لە 30 دیدار و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆک و ژمارەیەک وەزیر و کۆمپانیا و دامەزراوە گەورەکانى ئەو وڵاتە لە بوارى وزە و تەکنەلۆجیا و دارایی و بانک ئەنجامدا. لە کۆتایی سەردانەکەى ئەمریکاش 48 ڕێککەوتننامە لە نێوان عێراق و کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە بوارى نەوت و وزە و تەکنەلۆجیا و بانک واژۆکران، کە بەهاکەیان دەگاتە 60 ملیار دۆلار.
بەراوردى سەردانى ئەمریکا و ئێران
ئەگەر بەراوردى هەردوو سەردانەکەى زەیدى بۆ ئەمریکا و ئێران بکەین، جیاوازى زۆر لە نێوانیاندا هەیە، بۆ نموونە لە ڕووى کات و ژمارەى کۆبوونەوەکانەوە جیاوازییەکى زۆریان هەیە، زەیدى لە ئەمریکا زیاد لە 30 کۆبوونەوەى کردووە، بەڵام لە تاران تەنیا چوار کۆبوونەوەى کرد.
ڕێککەوتنەکانى تاران و واشنتن و بەهاى ڕێککەوتنەکان
هەروەها لە ئەمریکا 48 ڕێککەوتننامە لە بوارەکانى نەوت و وزە و تەکنەلۆجیا و بانک و دارایی واژۆکران، بەڵام لە تاران تەنیا ڕێککەوتننامەیەک و سێ یاداشتنامە کە لە بوارى کارگێڕى و گواستنەوەدان واژۆکرا.
بەهاى ڕێککەوتنەکانى عێراق و ئەمریکا دەگاتە 60 ملیار دۆلار، بەڵام بەهاى رێککەوتن و یاداشتنامەکان لەگەڵ ئێران بەهاکەى دیاریی نەکراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمریکا و ئێران لە جەنگدان دژ بە یەکدى و عێراق هەوڵدەدات کەناڵى پەیوەندى دیپلۆماسى لە نێوانیاندا بکاتەوە و شەڕ و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە بەرەو هێورکردنەوە ببات.
1 کاتژمێر پێش ئێستا