ئۆزەل دامەزراندنی حیزبەکەی خستە یادی پەیماننامەی لۆزان

ئامێز عەباس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئۆزگور ئۆزەل لەناو ئاپۆڕاى جەماوەرى و لایەنگرانى خۆى و حیزبە نوێیەکەى
ئۆزگور ئۆزەل لەناو ئاپۆڕاى جەماوەرى و لایەنگرانى خۆى و حیزبە نوێیەکەى

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە لە یادی پەیماننامەیەکی دژ بە کورددا، داواکاری دروستکردنی پارتەکەی پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەکات.

بێهیوابوون لە گەڕانەوە بۆ ناو جەهەپە

پاش ماوەیەکی زۆر لە مشتومڕ و بێهیوابوونی لەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل و نزیکەی 90 پەرلەمانتار، لەپێناو دروستکردنی حیزبە نوێکەیان، ڕیزەکانی جەهەپە بەجێدەهێڵن.

جێهێشتنى ڕیزەکانى جەهەپە

بەگوێرەی میدیای تورکیا، بە ئەگەری زۆر ئەمڕۆ ئۆزەل و ئەو دەیان پەرلەمانتارە، بە فەرمی ڕیزەکانی جەهەپە بەجێدەهێڵن و داواکاریی دروستکردنی "پارتی نوێ" پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەکەن.

دامەزراندنى حیزبێکى نوێ بە 100 پەرلەمانتار

لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئێستا ژمارەکە یەکلانەبووەتەوە، بەڵام میدیای تورکیا دەڵێت، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی جەهەپە لەگەڵ ئۆزەل دەبنە دامەزرێنەری حیزبەکە، لە نێوان 90 بۆ 100 پەرلەمانتاردا دەبن.

دووەم فراکسیۆنى ناو پەرلەمان

بەو جۆرەش فراکسیۆنی پارتی نوێ، لە پاش ئاکپارتی، دەبێتە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانی تورکیا، هەروەها نزیکەی 35 بۆ 40 پەرلەمانتار لەناو جەهەپەدا دەمێننەوە.

ساڵیادى پەیماننامەى لۆزان

ئۆزەل و تیمەکەی ڕۆژی 24ـی تەممووزیان بۆ دامەزراندنی حیزبەکەیان دیاری کردووە، کە ڕۆژی واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزانە، ئەو پەیماننامەیەی، بووە بناغەی دورستبوونی کۆماری تورکیا و بەهۆیەوە پەیمانی سیڤەر هەڵوەشێنرایەوە، کە گرنگترین پەیماننامە بوو بۆ داننان بە مافەکانی کورددا.

ئامێز عەباس

2 کاتژمێر پێش ئێستا