ئەمریکا باجی گومرگی نوێی بەڕێژەی 12.5٪ بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ڕووسیا سەپاند

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا باجی گومرگی نوێی بەڕێژەی 10٪ بۆ 12.5٪ بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ڕووسیا سەپاند باجەکەش پەیوەستە بە ئەگەریی بەرهەمهێنانی کاڵاکان لە چوارچێوەی کارکردنی زۆرەملێدا و بڕیارەکەش 60 کۆمپانیا دەگرێتەوە.

قەدەغەى بازرگانیکردن لەگەڵ کارى زۆرەملێ

جەیمسۆن گرێر، نوێنەری بازرگانی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، نزیکەی سەدەیەکە ئەمریکا قەدەغەی داناوە لەسەر هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی کە لە کارکردنی زۆرەملێدا بەرهەمهێنراون و ئەمریکا زۆر بە توندی جێبەجێی دەکات و دەشڵێت، "دەبێت هاوبەشە بازرگانییەکانمان هەمان ڕێکار بگرنەبەر".

ئەو وڵاتانە کامانەن کە پابەندن و ئەوانەى پابەند نین؟

باجە نوێیەکانی ئەمریکا سەپاندوویەتی و لە ئەمڕۆ هەینییەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنی، لە نێوان 10٪ بۆ 12.5٪ـە و ئابوورییە گەورەکانی جیهانی گرتووەتەوە کە وڵاتان بۆ دوو پۆل پۆلێن دەکات، ئەوەش بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی پابەندبوونیان بە یاساکانی دژی کاری زۆرەملێ، بەجۆرێک وڵاتانی وەک کەنەدا، یەکێتی ئەوروپا و مەکسیک بەوپێیەی یاسای پێویستیان پەیڕەوکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاری زۆرەملێ هەربۆیە ڕێژە 10٪ـی باجەکەیان لەسەر سەپێندراوە.

بەڵام پۆلێنی دووەم کە باجەکەی 12.5٪ـە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە یاسای پێویستیان نەگرتووەتەبەر لەوانە، ڕووسیا، چین، هیندستان، بەریتانیا، بەڕازیل، ژاپۆن و کۆریای باشوور و زۆرینەی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا.

سزاکانى ترەمپ بۆسەر ڕووسیا و هەڵوەشاندنەوەى

پێشتر ترەمپ باجی بەسەر ڕووسیادا سەپاندبوو، بەڵام دادگای باڵای ئەمریکا بەشێکی زۆری هەڵوەشاندەوە، هەربۆیە سەپاندنی ئەم باجە گومرگییە نوێیە وەک ڕزگارکردنی سیاسەتی سەپاندنی باجی گومرگیی ئیدارەکەی ترەمپە بۆ گرتنەوەی جێگەی ئەو سزایانەی پێشتر هەڵوەشێندرایەوە، سەیر دەکرێت.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا