دابەشکردنى ئاو لە چەند گەڕەکێکى سلێمانى ئاسایی دەبێتەوە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى، ڕایگەیاند، دەستکراوە بە دانانى سێ پەمپى نوێ بۆ هێڵى دووەمى ئاوى دووکان سلێمانى و بەتەواوبوونى دابەشکردنى ئاو لەو گەڕەکانە ئاسایی دەبێتەوە کە ئێستا پێنج ڕۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت.

سێ پەمپ دانراون

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، دەستکراوە بە دانانى سێ پەمپ لەسەر هێڵى دووەمى ئاوى دووکان-سلێمانى، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە دانانى پەمپەکان تەواوبێت، بە تەواوبوونى دابەشکردنى ئاو لە گەڕەکەکانى (قڕگە، کازیوە، کۆمپانیاى نەوزاد، سێتوان، چیا، بەشێک لە چوارچرا و بەشێک لە گەڕەکى کوردسات) ئاسایی دەبێتەوە.

دۆخى ئاوى سەرچنار

گوتیشى، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا دۆخى ئاوى سەرچنار زۆر باشە و پێنج هێندەى ساڵى ڕابردووە، ساڵى ڕابردوو لە کۆتایی مانگى تەممووز، ڕۆژانە سەرچنار 25 هەزار مەتر سێجا ئاوى هەبوو، ئەمساڵ ڕۆژانە 125 تاوەکو 130 هەزار مەتر سێجا ئاوى هەیە.

کەى کێشەى ئاوى سلێمانى چارەسەر دەبێت؟

بەرێوەبەرى ئاوى سلێمانى جەختدەکاتەوە، بۆ ئەوەى کێشەى ئاو لە سلێمانى بە تەواوى چارەسەر بکرێت پێویستە پڕۆژەى هێڵى سێیەمى دووکان-سلێمانى جێبەجێ بکرێت.

دۆخى دابەشکردنى ئاو لە سلێمانى

لە سلێمانى لەو گەڕەکانەى کە دابەشکردنى ئاو تیایدا ئاساییە، سێ ڕۆژ جارێک ئاو بە هاونیشتمانییان دەدرێت و ئەو گەڕەکانەش کە لەم ساڵانەى دوایی دروستکراون و تۆڕى ئاوى خواردنەوەیان پێنەگەیشتووە، هەفتانە لە ڕێگەى تانکەرەوە ئاویان پێدەدرێت.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا