عێراقچی: هەر جۆرە بەشدارییەک لە جەنگ دژ بە وڵاتەکەمان وەڵامی توندی دەبێت
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى ئێران، ڕایگەیاند، هەر جۆرە بەشدارییەکی وڵاتان لە جەنگی دژ بە وڵاتەکەیان وەڵامی توندی دەبێت و دەشڵێت، ئەمریکا ژێرخانی ئابووریمان بە ئامانج دەگرێت.
وتارى عێراقچى لە قیرغیزستان
عێراقچی، لە میانی بەشداری لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای ئەمڕۆ هەینی 24ی تەممووز لە وڵاتی قرغیزستان وتاری وڵاتەکەی خوێندەوە و هۆکاری دروستبوونی گرژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی بۆ دەستتێوەردانی ئەمریکا لە ئیدارەدانی ئاسایش و دەریایی گەرووی هوورمز گەڕاندەوە.
پەیامى ئێران بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى
وەزیرى دەرەوەى ئێران، ڕاشیگەیاند، هەر جۆرە دەستتێوەردان و هاوکاری لەهێرش بۆ سەر ئاسایش و سەروەری ئێران وەڵامی توندی دەبێت و داواشی لە رێکخراوە نیودەوڵەتییەکان کرد بە بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرامبەر هێرش و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا هەستن.
تاوانبارکردنى ئەمریکا بە هەڵایسانى جەنگ
عەباس عێراقچى، لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوتی، ئێران جارێکی دیکە نیشانیدا کە هەڵگیرسێنەری جەنگ نەبووە، بەڵکو ئەمریکا هەموو بنەما نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە چەندین ناوەندی مەدەنی و ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەمانی کردووەتە ئامانج.
داواکارى تاران لە وڵاتانى ئەندامى کۆبوونەوەکە
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لە وڵاتانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە کرد لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوکاری دوولایەنە، پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان بەرەوپێش بەرن و ئامادەی وڵاتەکەشی لەو بارەیەوە دەربڕی.
کۆبوونەوەى وڵاتان لە ڕێکخراوى هاریکاریی شەنگەهاى
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای ئەمڕۆ هەینی 24ـی تەممووزی 2026 لە شاری چۆلپۆن-ئاتای قرغیزستان دەستیپێکرد، ئامانجەکەشی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، و ئامادەکاری بۆ لووتکەی سەرۆکەکان کە بڕیارە لە 1ـى ئەیلوولی 2026 بەڕێوەبچێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا