ئێران پێشنیازێکى ئەمریکا بۆ ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە
عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشنیازێکى ئەمریکا بۆ ئاگربەست دەگەیەنێتە ئێران، بەرپرسانى ئەو وڵاتەش پێشنیازەکە ڕەتدەکەنەوە.
ڕەتکردنەوەى پێشنیازەکەى ئەمریکا
ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز لە زارى بەرپرسانى ئێران و عێراقەوە ئاشکرایکردووە، ئێران پێشنیازێکى ئەمریکاى بۆ ئاگربەست ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن عەلی زەیدییەوە گەیێنراوەتە بەرپرسانى ئەو وڵاتە.
ئێرانییەکان چییان بە عەلى زەیدى گوتووە؟
بەگوتەى سەرچاوەکان، بەرپرسانى ئێران گوتوویانە گرنگى بە ڕێککەوتنى کاتى نادەن، لە کاتێکدا بابەتى کۆنتڕۆڵى گەرووى هوورمز بە بێ چارەسەر بهێڵێتەوە.
زانیارییەکانى کەناڵ8 درووست دەرچوو
کەناڵ8، وەک یەکەم میدیا، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاشکرایکرد، زەیدى لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ داوایکردووە ڕازى بێت بە نێوەندگیریی لە نێوان ئەمریکا و ئێران" لەبەرامبەریشدا ترەمپ، زەیدى دەستکراوە کردووە بۆ گێڕانى ڕۆڵى نێوەندگیر و چارەسەرکردنى قەیرانى گەرووى هوورمز.
ئەوەشى خستەڕوو، زەیدى بە ترەمپى گوتووە، ئەگەر پاکستان لە ڕووى سیاسییەوە ڕۆڵى نێوەندگیریی گێڕاوە، عێراقیش دەتوانێت لە ڕووە ئابوورییەوەکەوە ڕۆڵى نێوەندگیر ببینێت بەتایبەت ئەو قەیرانەى بەهۆى گرژییەکانەوە لە گەرووى هوورمز دروستبووە.
سەردانى زەیدى دواى ئەمریکا بۆ تاران
زەیدى دواى گەڕانەوەى لە ئەمریکا، ڕۆژى پێنجشەممە، 23ـى تەممووز، گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە کۆبووە، زەیدى جەختیکردەوە هێشتا عێراق دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنى کێشەکان لە تەواوى ناوچەکەدا، بە پێویستیشى زانى سوود لەو دەرفاتانە وەربگیرێت کە لە ئارادان و هەنگاو بنرێت بەرەو دیالۆگى هێورکردنەوە.
بۆچوونى بەرپرسانى ئێران
لە بارەى سەردانەکەى زەیدى بۆ تاران، عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا کێشەى نێوەندگیریان نییە بەگوێرەى پێویست وڵاتان لە نێوانیاندا هەن ئەو کارە دەکەن.
گوتیشى، کێشەى ئاڵوگۆڕى پەیام بوونى نییە، کێشەکە جۆرى ڕەفتار و مامەڵەى ئەمریکایە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا