ڕۆژنامەی تورکیا: کادرە باڵاکانی پەکەکە ناچنە تورکیا و لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە
میدیای تورکیا دەڵێت، ڕێگە بە کادرە باڵاکانی پەکەکە نادرێت بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و بە ئەگەری زۆر لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.
ڕێگەدان بە گەڕانەوەى کادرانى پەکەکە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تورکیای نزیک لە دەسەڵات، لەو یاسایەی چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی دەربکرێت، ڕێگە بە گەڕانەوەی کادرە باڵاکانی پەکەکە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا نادرێت.
ڕۆیشتنى کادرە باڵاکانى پەکەکە بۆ وڵاتى سێیەم
ڕۆژنامەکە دەڵێت، پێشتر باس لەوە دەکرا، کادرە باڵاکانی پەکەکە بچنە وڵاتی سێیەم، بەڵام ئێستا ئەگەری زۆر ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بمێننەوە.
ئامانجى سەردانى بەرپرسانى میت بۆ هەرێمى کوردستان
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت بۆ هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوە بووە.
قۆناغى یاسایی پڕۆسەکە
لەبارەی وردەکاریی یاسا چاوەڕوانکراوەکە ڕۆژنامەکە دەڵێت، قۆناغی یاسایی پڕۆسەکە بە چەند قۆناغێک دەبێت و لە قۆناغی یەکەمدا، ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەگەڕێنەوە کە لەسەر دۆسیەی پەکەکە لە زینداندان لەگەڵ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە بەگوێرەی تورکیا "تاوان"ـیان نەکردووە.
ڕێگریکردن لە گەڕانەوەى ئەوانەى چالاکییان کردووە
بەو جۆرەش ژمارەیەکی زۆر ئەندامی پەکەکە کە بە گوێرەی تورکیا "تاوانبارن" و بەشدارییان لە چالاکیدا کردووە، لەم قۆناغەدا ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
ئەو کادرانەى لە ئەورووپا دەتوانن بگەڕێنەوە؟
هاوکات ئەو کەسانەی لە ئەورووپان تورکیا بە ئەندام و پشتیوانی پەکەکە ناویان دەبات، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا