دژە تیرۆرى هەرێمى کوردستان: ئەمڕۆ بە پێنج درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر

دانیار فاروق 2 کاتژمێر پێش ئێستا

دژە تیرۆرى کوردستان، لەبارەى هێرشە درۆنییەکانى ئەمڕۆ ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوەکردووە، هێزەکانی هاوپەیمانان پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند.

بەردەوامى هێرشەکان بۆسەر هەرێمى کوردستان

دژە تیرۆرى کوردستان، لە ڕاگەیێندراوەکەیدا، ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەمڕۆ هەینى، 24ـى تەممووزى 2026، لە کاتژمێر 9:32 خولەک تاوەکو 9:45 خولەکى پێشنیوەڕۆ، هێزەکانى هاوپەیمانان پێنج درۆنى بۆمبڕێژکراوییان لە ئاسمانى هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، درۆنەکان لە ناوچەکانى ڕۆژئاواى پارێزگاى هەولێرەوە ئاڕاستە کرابوون، خۆشبەختانە هیچ زیانێکى گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

کەوتنەخوارەوەى درۆنەکان

ئەوە لە کاتێکدایە، بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، بەیانی ئەمڕۆ هەینى، پێنج هێرشی درۆنی کرایەسەر شاری هەولێر و بەشی زۆریان لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە تەقێندراونەتەوە، هاوکات زۆرینەی هێرشە درۆنییەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆمەڵگەی سێبیران ئەنجامدراون و بەشێکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی بنکەی سەربازی هاوپەیمانانەوە تەقێندراونەتەوە و بەشێکی دیکەیان لە زەوی کشتوکاڵی ناوچەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە.

گەشتەکانى فڕۆکەخانەى هەولێر هەڵوەشانەوە

هەر بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە دەستبەجێ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر هەڵوەشاونەتەوە و تەنانەت لە کۆتا ساتەکاندا گەشتێکی ڕۆشتن هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها تیمەکانی بەرگریی شارستانی نەیانتوانیوە بچنە نزیک شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان بەهۆی ئەگەریی بوونی هێرشی دیکە.

دانیار فاروق

2 کاتژمێر پێش ئێستا