وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە شەش مانگدا ڕێگریی لە 930 حاڵەتی بە قاچاغبردن کراوە

لۆگۆى وەزارەتى ناوخۆى عێراق
لۆگۆى وەزارەتى ناوخۆى عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند، لە شەش مانگدا ڕێگرییان لە 930 حاڵەتی بە قاچاغبردن کردووە و زیاد لە هەزار تۆمەتباریش دەستگیرکراون.

دەرخەری توانای هێزە ئەمنییەکان

محەممەد عەلی، گوتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا و لە چوارچێوەى بەرەنگاربوونەوەی "تاوانی ڕێکخراو" 69 حاڵەتی ساختەکردنی دراو ئاشکراکراون و بەهۆیەوە 92 کەس دەستگیرکراون، هەروەها 50 حاڵەتی ساختەکردنی دیکە هەبووە و 61 تۆمەتبار دەستگیرکراون.

دەرمانى نایاسایی

هەروەها لەو ماوەیەدا 215 کارتۆن دەرمانی نایاسایی دەستی بەسەرداگیراوە و 226 تۆمەتبار لەسەری دەستگیرکراون.

ئامارى 6 مانگى ئەمساڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەى بەوەکردووە، لە شەش مانگدا 11 چالاکی بازرگانی بە مرۆڤەوە ئاشکرا کراوە و 17 تۆمەتباری لەسەری دەستگیرکراون و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەریان گیراوەتەبەر.

لە بەدواداچوونی ئەو کەسانەی کە بە نایاسایی ماونەتەوە 69 حاڵەت هەبووە و تیایدا 181 تۆمەتبار دەستگیرکراون و ڕێکاریی یاساییان لەبەرامبەر گیراوەتەبەر.