وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ بەرامبەر ئێران توندتر دەبێت
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ئاشکراى کردووە، ترەمپ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئێرانییەكان جگە لە "زمانی هێز" لە هیچی دیکە تێناگەن و سەرکردەکانیشى بە "شێت" ناوبردووە و هەڕەشەى بەردەوامى هێرشەکانى کردووە.
ترەمپ گومانى هەیە
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ئێستا ترەمپ گومانەکانی زیاتر بووە لەوەی ڕێگەى دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران سوودی هەبێت و بگەنە ئەنجام و خواستى ئەوەی هەیە ئاڕاستەیەکى توندتر بگرێتەبەر.
ترەمپ تووڕەیە
ئاماژە بەوەشکراوە، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی ئەمدواییانەدا لە ئۆفیسی كۆشكی سپی، هێرشێکی توندی كردووەتە سەر سەرکردەکانی ئێران و بە "شێت" ناویبردوون و گوتوویەتی، "ئێران تەنیا لە هێزی سەربازی تێدەگات".
ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکردووە، ترەمپ بۆچوونى وایە جگە لە بەردەوامیدان بە هێرشە سەربازییەکان، هیچ بژاردەیەکی باشتر نییە.
جەنگى ئێران و کاریگەرى لەسەر کەسایەتى ترەمپ
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە جەنگى ئێران کاریگەری کەسی لەسەر ترەمپ و ژمارەیەک ڕاوێژکاری باڵای دروستکردووە و بە تایبەتی کە هۆشداری هەواڵگری هەیە لە هەڕەشەی ئێران بۆ تیرۆرکردنیان.
ئەگەرەکانى ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران
بە گوێرەى دوو سەرچاوەی ئەمریکی، سەرەڕاى نیگەرانییەکانى ترەمپ، بەڵام جارێد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، سەرەڕای لاوازبوونی دەرفەتەکانی ڕێڕەوی دیپلۆماسی، هێشتا بۆچوونیان وایە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەگەری هەیە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا