ئەمریکا پیرانشار و قەزوینى بۆردوومان کرد
ئەمریکا سنوورى هێرشەکانى فراوانتر کرد و ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و دەریاى قەزوینى کردە ئامانج.
هێرشەکان بۆسەر پیرانشار و ورمێ
ئاژانسی هەواڵی ئیرنای نزیک لە حکومەتی ئێران، ڕایگەیاند، کاتژمێر 9ـی سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر ناوچەیەک لە پیرانشار لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو هۆیەوە زیانێکی زۆری دارایی بەر شوێنی بۆردوومانەکە کەوتووە.
زیانەکانى ناوچە بۆردومانکراوەکان
بە گوێرەى ئاژانسەکە چەندین ئۆتۆمبێل بەر هێرشەکە کەوتوون، بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە دواتر ئاماری زیانە دارایی و گیانییەکانی هێرشەکە ڕادەگەیێنن.
بۆردومانى پێگە سەربازییەکان لە دەریاى قەزوین
هاوکات میدیای ئێرانی لە زارى عەلى باقرى جێگرى پارێزگارى گیلان بڵاویکردەوە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە درێژەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، بنکەیەکی دەریایی سوپای پاسداران لەسەر دەریای قەزوین بە ئامانجگیراوە.
عەلی باقری، گوتیشی "تاوەکو ئێستا ڕادەی زیانە گیانی و داراییەکانی هێرشەکان نەزانراوە".
یەکەمجارە باکوورى ئێران بۆردومان بکرێت
لە دەستپێکى هێرشەکانى ئەم دواییەوە، ئەوە یەکەمجارە ناوچەکانى باکوورى ئێران بەر هێرشى ئەمریکا دەکەون.
بۆردوومانى هوورمزگان
هەر ئەمڕۆش بەهۆی هێرشەکانەوە چەندین ناوەندی سەربازی و ژێرخانی ئابووری لە پارێزگای هوورمزگان لە باشووری ئیران کراونەتە ئامانج.
مانۆڕە سەربازییەکانى ئێران لە دەریاى قەزوین
وڵاتانی ئێران، رووسیا، ئازەربایجان، تورکمانستان و کازەخستان سنووری ئاویان لە سەر دەریای قەزوین هەیە و ساڵانە تاران مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەو دەریایەدا دەکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا