نووسینگەى زەیدى ڕاپۆرتێکى نیویۆرک تایمز ڕەتدەکاتەوە
نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق، ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمریکى لەبارەى نێوەندگیریی عەلى زەیدى لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە.
نێوەندگیریی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاست نییە
نووسینگەى ڕاگەیاندنى زەیدى ئاماژەى بەوەکردووە، ئەوەى لە ڕاپۆرتەکەى نیویۆرک تایمزدا هاتووە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ پەیوەندییەکى بە واقیعەکەوە نییە.
زەیدی پێشنیازەکەى ئەمریکاى گەیاندووەتە ئێران
ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز، لە ڕاپۆرتێکدا لە زارى بەرپرسانى ئێران و عێراقەوە ئاشکرایکردبوو، ئێران پێشنیازێکى ئەمریکاى بۆ ئاگربەست ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن عەلی زەیدییەوە گەیێنراوەتە بەرپرسانى ئەو وڵاتە.
گرنگی نەدان بە ڕێککەوتنی کاتی
بەگوتەى سەرچاوەکان، بەرپرسانى ئێران گوتوویانە گرنگى بە ڕێککەوتنى کاتى نادەن، لەکاتێکدا بابەتى کۆنترۆڵى گەرووى هوورمز بە بێ چارەسەر بهێڵێتەوە.
داوایەکی زەیدی لە ترەمپ
هەروەها کەناڵ8، وەک یەکەم میدیا، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاشکرایکرد، زەیدى لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ داوایکردووە ڕازى بێت بە نێوەندگیریی لە نێوان ئەمریکا و ئێران.
نێوەندگیری عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە
ئەوەشى خستەڕوو، زەیدى بە ترەمپى گوتووە، ئەگەر پاکستان لە ڕووى سیاسییەوە ڕۆڵى نێوەندگیریی گێڕاوە، عێراقیش دەتوانێت لە ڕووە ئابوورییەوەکەوە ڕۆڵى نێوەندگیر ببینێت بەتایبەت لەسەر ئەو قەیرانەى بەهۆى گرژییەکانەوە لە گەرووى هوورمز دروستبووە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، ترەمپ، زەیدى دەستکراوە کردووە بۆ گێڕانى ڕۆڵى نێوەندگیر و چارەسەرکردنى قەیرانى گەرووى هوورمز.
عێراق وەک سەکۆکیەکی دیالیۆگ و چارەسەرکردنی کێشەکان
زەیدى دواى گەڕانەوەى لە ئەمریکا، دوێنێ پێنجشەممە گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە کۆبووەوە، زەیدى جەختیکردەوە هێشتا عێراق دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنى کێشەکان لە تەواوى ناوچەکەدا، بە پێویستیشى زانى سوود لەو دەرفاتانە وەربگیرێت کە لە ئارادان و هەنگاو بنرێت بەرەو دیالۆگى هێورکردنەوە.
ئێران و ئەمریکا کێشەی نێوەنگیریان نییە
لەبارەى سەردانەکەى زەیدى بۆ تاران، عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا کێشەى نێوەندگیریان نییە بەگوێرەى پێویست وڵاتان لە نێوانیاندا هەن ئەو کارە دەکەن.
گوتیشى، کێشەى ئاڵوگۆڕى پەیام بوونى نییە، کێشەکە جۆرى ڕەفتارو مامەڵەى ئەمریکایە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا