لە دهۆک و کەرکووک دوو گەنج خنکان
ئەمڕۆ لە ڕووباری شینی شێلادزێ گەنجێکی 25 ساڵ و لە بەنداوی خاسەى کەرکووکیش گەنجێکی 27 ساڵ لە کاتی مەلەکردندا خنکان، بەوەش ژمارەى خنکان لە ئەمساڵدا 60 کەسى تیپەڕاند.
گەنجەکەی شیلادزێ لە کاتی مەلەکردندا خنکا
ئەمڕۆ دەوروبەری کاتژمێر 11 و 30 خولەکی پێشنیوەڕۆ، گەنجێک بەناوی محەممەد سەفەر، 25 ساڵی دانیشتووی شاری دهۆک، بەمەبەستی گەشت و کات بەسەربردن چوو بوو بۆ ڕووباری شینی شارەدێی شێلادزێ و لە کاتی مەلەکردندا خنکا.
تیمەکانی بەرگری شارستانیی بە دوای تەرمەکەدا دەگەڕێن
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ناوچەکە لەڕووداوەکە ئاگادارکراونەوە و بە دواى تەرمەکەیدا دەگەڕێن.
شەوی ڕابردووش گەنجێک لە بەنداوی خاسەی کەرکوک خنکاوە
هەروەها درەنگانی شەوى ڕابردوو لە بەنداوی خاسە گەنجێکی 27 ساڵ لە کاتی مەلەکردندا خنکا، کە دانیشتووی گەڕەکی یەکی حوزەیرانی کەرکووک بووە.
تیمەکانی بەرگری شارستانی تەرمەکەیان دەرهێناوەتەوە
لەلایەن تیمەکانى بەرگریى شارستانییەوە تەرمەکەی دەرهێنراوەتەوە و پاش توێکارى پزیشکى ڕادەستی کەسوکارەکەى کرایەوە.
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەبێ گەنجەکەى شیلادزێ تاوەکو ئیستا 48 حاڵەتى خنکان تۆمارکراون.
لە کەرکووکیش لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە 16 حاڵەتی خنکان لە بەنداو و ڕووبارەکانی پارێزگاکە تۆمارکراون.
3 کاتژمێر پێش ئێستا