دووشەممە دەست بەدابەشکردنى مووچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى گرێبەست دەکرێت
نوێنەری گشتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست ئاشکراى کرد، لە وەزارەتى دارایییەوە ئاگادارکراونەتەوە کە دووشەممەى داهاتوو دەست بەدابەشکردنى مووچەکانیان دەکرێت.
لە ماوەی پێنج رۆژدا هەموویان مووچە وەردەگرن
عەلی ڕەئووف، نوێنەری گشتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەمرۆ هەینى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەگەڵ هەردوو وەزارەتى پەروەردە و دارایی قسەیان کرد و هۆشدارییان پێداون ئەگەر لەوە زیاتر مووچەیان دوابکەوێت خۆپیشاندان دەکەن". گوتیشى "لە وەڵامدا لە وەزارەتى داراییەوە پێیانگوتین لە دووشەممەوە دەستبەدابەشکردنى مووچەکەتان دەکرێت و لە پێنج ڕۆژدا هەمووتان مووچە وەردەگرن".
لە داهاتی ناوخۆ مووچەکیانیان بۆ دابین دەکرێت
مامۆستایان و فەرمانبەرانى گرێبەست و فەرمانبەرانى هەمیشەیی کە لە پاش تەمموزى 2024 دامەزراون، ژمارەیان 86 هەزارو 791 کەسە لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچە وەردەگرن و خەرجیی مانگانەى مووچەکانیان 42 ملیارو 623 ملیۆن دینارە.
سەرجەمیان ناویان لە سیستمی پەیڕۆڵ تۆمار دەکرێت
عەلی ڕەئووف، ئاماژەى بەوەشکرد سەرجەمیان ناویان لە سیستمی پەیرۆڵ تۆماردەکرێت، ئەوەشى بە هەنگاوی یەکەم بۆ دامەزراندنى هەمیشەیى ناوبرد.
ئەمە لەکاتێکدایە، ناوەڕاستى ئەم مانگە فەرمانبەر و خانەنشینان مووچەى مانگى شەشیان وەرگرت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا