شاندى وەزارەتەکانى گواستنەوەى عێراق و هەرێمى کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە
شاندى وەزارەتەکانى گواستنەوەى عێراق و گواستنەوەى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر یەکخستنى کارتى هاتوچۆ و مانیفێستى ئەلیکترۆنى کردەوە.
ئەمڕۆ هەینى ئەحمەد موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی تایبەت، لەگەڵ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان کۆبووتەوە.
تاوتوێی ڕێکارەکانی یەکخستنی کارتی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکخستنی کارتی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و یەکخستنی سیستمی مانیفێستی ئەلیکترۆنی کرا.
موسەوی و ئانۆ جەوهەر، چەند میکانیزمێکیان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی جوڵەی ئەو ئۆتۆمبێلانە تاوتوێ کردووە کە لە نێوان تێرمیناڵەکانى حکومەتی فیدراڵ و تێرمیناڵەکانى هەرێمى کوردستاندا کار دەکەن.
یەکخستنی سیستمی مانیفێستی ئەلیکترۆنی
جەختیش لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکخستنی کارتی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان کراوەتەوە کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراقەوە پەسەند کرا بوو، لەگەڵ یەکخستنی سیستمی مانیفێستی ئەلیکترۆنی بۆ دڵنیابوون لە ئاسانیی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و ڕێکخستنی پرۆسەی گواستنەوە بەگوێرەى میکانیزمێکی یەکگرتوو.
بەهێزکردنی هەماهەنگی دامەزراوەیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە لە ماوەی داهاتوودا کراوەتەوە، بە مەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگیی دامەزراوەیی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمى کوردستان و بنبڕکردنی دیاردەی گواستنەوەی ناڕێکخراو و نایاسایی و زیادکردنی داهاتی دارایی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی تایبەت، بە جۆرێک کە لەگەڵ ئاڕاستەی دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتییان بگونجێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا