لە بەشێک لە بەنزینخانەکانى دهۆک هیچ جۆرە بەنزینێک نەماوە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە بەشێک لە بەنزینخانەکانى شارى دهۆک، هیچ جۆرە بەنزینێکى نۆرماڵ، موحەسەن و سووپەر نەماوە.

هاتنی گەشتیار کاریگەریی هەبووە لەسەر نەمانی بەنزین

بەشێک لە شۆفێرانى شارەکە هۆکارى نەمانى بەنزین، بۆ هاتنى ئەو ڕێژە زۆرەى گەشتیار دەگەڕێننەوە کە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانى کردووە.

نرخی جۆرەکانی بەنزین لە دهۆک

نەمانى بەنزین لە کاتێکدایە، نرخى هەرسێ جۆرەکەى بەنزین لە دهۆک بەڕێژەیەکى بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک لە بەشێک لە وێستگەکانی ئەو پارێزگایە، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ 1,375 دینار، موحەسەن 1,595 دینار و سووپەریش 1,800 دینارە.

نۆرەی دوور و درێژ بۆ وەرگرتنی بەنزین

دوێنێش شۆفێرانی شارەکە بەهۆی مەترسی نەمانی سووتەمەنی لە نۆرەی دوور و درێژدا وەستابوون.

گرانبوونی بەنزین و تێچووی هاتوچۆ

ئەم شەپۆلە نوێیەی گرانبوونی بەنزین لە کاتێکدایە، لە ماوەی کەمتر لە 72 کاتژمێردا هەموو جۆرەکانى بەنزین لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی گواستنەوە و تێچووی هاتوچۆی هاونیشتمانییان دروست کردووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە نۆرەی وەرگرتنی سووتەمەنی تێیاندا زۆرە.

بڕیاری وەزارەتی سامانەسروشتییەکان بۆ نرخی سووتەمەنی

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێویستبوو بە بڕیارى وەزارەتى سامانەسروشتییەکان، نرخى هەرسێ جۆرەکەى بەنزین داببەزینایە، بەجۆرێک؛ نۆرماڵی حکومی 750 دینار، نۆرماڵی بازرگانی نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت، یەک لیتر بەنزینى جۆرى موحەسەن نابێت لە 1000 دینار زیاتر بێت، بەنزینى سووپەر نابێت لە 1200 دینار زیاتر بێت، بەڵام دواى سێ ڕۆژ لە بڕیارەکە، لەئێستادا نرخى لیترێک بەنزینى نۆرماڵ، بە زیاتر لە نرخى لیترێک بەنزینى سووپەر دەفرۆشرێت و بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا